یانەی حەشدی شەعبی دامەزرا

رووداو دیجیتال

وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا مۆڵەتی دامەزراندنی بە یانەی حەشدی وەرزشی دا، کە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبییە.

بەگوێرەی ئەم مۆڵەتپێدانە، یانەی حەشدی شەعبی دەتوانێت بەشداری لە خول و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکاندا بکات، لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقدا.

وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق لە بڵاوکراوەکەیدا، دەڵێت "لەسەر بنەمای رەزامەندی بەڕێز وەزیری وەرزش و لاوان لەسەر نووسراومان ژمارە 3287 کە لە 22ـی 10ـی 2020 دەرچووە، مۆڵەتی دامەزراندن بە یانەی حەشدی وەرزشی دەدرێت و لە ماوەی ساڵێکدا کاری پێدەکرێت.

هەروەها لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە "یانەکە دەتوانێت بەپێی ئەم مۆڵەتە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا بکات، بەپێی ئەو یاسا و رێنماییانەی وەزارەتەکەمان و یەکێتییە وەرزشییەکان کاری پێدەکەن". 

لە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە کە وەزارەتەکەیان هیچ یارمەتییەکی دارایی پێشکەشی یانەکە ناکات، نە ئێستا و نە لە داهاتووشدا، بەو پێیەی سەر بە دامەزراوێکی دیکەیە.