بێلینگهام لە یاریی لیلدا بۆچی لە ئێمباپێ و ڤینیسیۆس تووڕە بووە؟

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، هۆکاری ئەو ناکۆکییەیان ئاشکراکرد کە لەنێوان سێ هیرشبەرەکەی ریال مەدرید، هەریەک لە جود بێلینگهام، کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر روویدا، لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی لیلی فەرەنسی، لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
راپۆرتێک کە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە، و تێیدا دەردەکەوێت کە ئەستێرەی ئینگلیزی جود بێلینگهام بە تووڕەییەکی زۆرەوە بەرامبەر دوو هاوڕێیەکەی، کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی هەڵسوکەوت دەکات.
 
یانەی لیلی فەرەنسی لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتنێکی مێژوویی و ورووژێنەری بەسەر یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی دوایین وەشان بەدەستهێنا و بەئەنجامی 1-0 لێیبردەوە و یانەکەی پایتەختی ئیسپانیای دووچاری یەکەم دۆڕانی ئەم وەرزەی کرد.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، ئاماژەی بەوەشکردووە، جود بێلینگهام لە یەکێک لە دیمەنەکانی یارییەکەدا شکست دەهێنێت بەرامبەر یاریزانانی لیل و تۆپەکەی لەدەستدەچێت بەهۆی گوشاری یاریزانانی لیلەوە، کە دەبێتە هێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر گۆڵی ریال مەدرید، و نزیکبوو گۆڵی دووەم لە یانەی شاهانە تۆماربکرێت.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، بەو هۆکارەوە بێلینگهام زۆر تووڕە دەبێت و  دەستەکانی بە رووی ئێمباپێ و ڤینیسیۆسدا بەرزدەکاتەوە، تەنانەت لە چیمەنی یاریگاش دەدات، چونکە پێیوایە ڤینیسیۆس و ئێمباپێ یارمەتییان نادەن و ئەرکی بەرگرییان ئەنجام نادەن.
 
پێشتر چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی باسیان لەوە کردووە کە لە ریال مەدرید کێشە و ململانێ لەنێو یاریزانەکانیدا هەیە، بەتایبەتیش لەنێوان چوار هێرشبەرەکەی، ئێمباپێ، بێلینگهام، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆدا، لەکاتێکدا کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە بەشێکی ئەو هەواڵانە راستن، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆدریگۆ چەند لێدوانێکی لەو بارەیەوە دا.
 
بە دۆڕاندنەکەی بەرامبەر لیل، ریال مەدرید یەکەم یاریی وەرزی نوێی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا دۆڕاند، یاریزانەکانیشی لەدوای 10 یاری لە سەرەتای وەرزەوە بۆ یەکەمجار نەیانتوانی گۆڵ تۆماربکەن.