ڤیدیۆ؛ کەس ئاتالانتا ناوەستێنێت و میلانیش بەردەوامە لە سەرکەوتنەکان

رووداو دیجیتاڵ

لە خولی ئیتاڵیا یانەی ئاتالانتا بەردەوامە لە ئەنجامە گەورەکانی، ئینتەرمیلان لە یاری لووتکەدا یەکسانبوو، ئەیسی میلان بردیەوە و یاری یوڤێنتوس و لازیۆش بەهۆی کۆرۆناوە دواخرا.

ئاتالانتا لە یاریگای خۆیدا، پێشوازی لە کالیاری کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لێبردەوە.

لە گێمی یەکەمدا و دوای تێپەڕینی تەنیا حەوت خولەک لویس مۆریێل گۆڵی یەکەمی بۆ ئاتالانتا تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 24دا دیێگۆ گۆدین ئەنجامەکەی بۆ کالیاری راستکردەوە، یاریزانانی ئاتالانتا دوای ئەم گۆڵە بەخۆکەوتن و هەر لەم گێمەدا سێ گۆڵیان تۆمارکرد، گۆڵەکان لە خولەکەکانی 29، 37 و 42دا بوو لە رێگەی یاریزانان، ئالیخاندرۆ گۆمێز، ماریۆ پاسالیچ و دوڤان زاپاتاوە تۆمارکران.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 52دا جواو پێدرۆ ئەنجامەکەی بۆ کالیاری کەمکردەوە، لە خولەکی 81شدا سام لامەرز گۆڵی پێنجەم و کۆتایی یارییەکەی تۆمارکرد.

ئێستا ئاتالانتا لە سێ یاریدا سێ بردنەوەی هەیە و 13 گۆڵیشی تۆمارکردووە.

یانەی بێنێڤێنتۆ بە سەرکردایەتی فیلیپۆ ئینزاگی راهێنەر، بە گۆڵێكی بێوەڵام شکستی بە بۆڵۆنیا هێنا، تاکە گۆڵەکەش جیانلوکا لاپادولا لە خولەکی 66دا تۆماریکرد.

یانەی پارماش بە هەمان شێوە و بە گۆڵێکی بێوەڵام لە هێلاس ڤیرۆنای بردەوە، گۆڵی بردنەوەی یارییەکەش لە سەرەتای یارییەکە لە رێگەی جاسمین کۆریچەوە تۆمارکرا.

یانەی ئینتەرمیلان دوای دوو بردنەوە ئەمجارە بەرامبەر لازیۆ یاریکرد و یارییەکەش بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.

لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی 30دا لاوتارۆ مارتینێز گۆڵی یەکەمی بۆ ئینتەرمیلان تۆمارکرد و ئەم گێمە بەم تاکە گۆڵە کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 55دا سێرجی ساڤیچ، ئەنجامەکەی بۆ هەڵۆکان یەکسانکردەوە، دواتر ناوبژیوان لە خولەکی 70دا چیرۆ ئیمۆبێلی لە لازیۆ و لە خولەکی 87شدا ستیڤانۆ سێنسی لە ئینتەرمیلان بە کارتی سوور کرانە دەرەوە و یارییەکە بەمشێوەیە کۆتاییهات.

لە یارییەکی دیکەشدا ئەیسی میلان سێیەم سەرکەوتنی ئەم وەرزەی تۆمارکرد بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێکی لێتۆماربکرێت، یاری ئەمجارەشی بەرامبەر سپیزیا بوو و بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام براوە بوو.

گۆڵەکانی یارییەکەش لە خولەکەکانی 57،76 و 78دا لە رێگەی رافایێل لیاو دوو گۆڵ و تیۆ هێرناندێزەوە تۆمارکران.

یاری یوڤێنتوس و ناپۆلیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرا.