نەیشنسلیگ دەستپێدەکات.. رۆناڵدۆ و مۆدریچ رووبەڕووی یەکدەبنەوە و پاڵەوان لە سێربیایە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی نەیشنسلیگ دەستپێدەکەن، لە یەکەم رۆژی پاڵەوانێتییەکەدا و لە یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشدا، هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و کرواتیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و پاڵەوانی ئەورووپاش میوانی سێربیایە.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا، پاڵەوانی یۆرۆی 2024، کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی هێنا بۆ یەکەم یاریی لە نەیشنسلیگدا و رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی سێربیا.
ئیسپانیا لەژێر سەرپەرشتی لویس دی لا فوێنتێ و بە ئامادەبوونی بەشی زۆری ئەستێرەکانی دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ ئەم یارییە بەئارامی ئەنجامدا و هەڵبژاردەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەمشەو لە یاریگەی رایکۆ میتیچ لە سێربیا کاروانەکەی لە پاڵەوانێتییەکە دەستپێبکات.
ئیسپانیا لە دوایین 13 یارییدا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، ئەمشەویش سەرەڕای ئەوەی لە یاریگەی خۆیان دەبن، بەڵام چاویان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە و دەیەوێت بەبردنەوەی ئەم یارییە هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەستپێبکات.
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لارۆخا لە دووەم یارییدا بەرامبەر سویسرا یاری دەکات.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامداوە و سەرجەم یاریزانەکانی ئامادەن.
ئەمە یەکەم یاریی پۆرتوگالە، دوای ئەوە لە قۆناخی هەشتی یۆرۆی رابردوودا لەسەر دەستی فەرەنسا ماڵئاواییکرد.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتێکدا بەشداری لەم یارییەدا دەکات، شەوی چوارشەممە لە کاتی راگەیاندنی ناوی بەربژێرەکانی باڵۆن دۆر، لە دوای 21 ساڵ ناوی ئەو یاریزانەی تێدا نەبوو.
یارییەکە لە یاریگەی بێنفیکا بەڕێوەدەچێت، دوای ئەم یارییەش رۆژی یەکشەممەی داهاتوو پۆرتوگال رووبەڕووی سکۆتلاند دەبێتەوە.
پێشتر کریستیانۆ رۆناڵدۆ رایگەیاندبوو "پاڵنەری من لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئەوەیە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی نەیشنسلیگ بکەین و دەمەوێت جارێکی دیکە نازناوی پاڵەوانێتییەکە ببەمەوە."