ریكێلمی ته‌نیا بۆ شه‌یتانه‌كان په‌شیمانه‌



له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا خوان رۆمان ریكێلمی ئه‌ستێره‌ى یانه‌ى بۆكاجۆنیۆرزی ئه‌رجه‌نتینی رایگه‌یاند كه‌ تاكه‌ شتێك كه‌ له‌ ژیانی وه‌رزشییدا لێی په‌شیمان بووبێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاری بۆ یانه‌ى مانچسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی نه‌كردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌لیشی بۆ ره‌خساوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ بكات.

له‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا پرسیار له‌ ریكێلمی كرا ئه‌و شته‌ چییه‌ كه‌ زۆر لێی په‌شیمانی؟، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا گوتی "بێگومان ئه‌و رۆژه‌ بوو كه‌ به‌ مانچسته‌ر یونایتدم گوت نا".

ریكێلمی به‌سه‌رهاته‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌لێكس فێرگسۆنی راهێنه‌رى پێشووى یانه‌ى شه‌یتانه‌ سووره‌كان گێڕایه‌وه‌ و گوتی "له‌ یارییه‌كى نێوان مانچسته‌ر یونایتد و ڤیاڕیالدا ئه‌وكاته‌ی له‌ ژووری هۆتێله‌كه‌مدا بووم فێرگسۆن سه‌ردانی كردم و پێیگوتم من له‌ پێكهاته‌ی مانچسته‌ر یونایتددا پێویستم پێته‌، من به‌ جۆشه‌وه‌ به‌ ده‌م ئه‌و داواكارییه‌وه‌ نه‌چووم و خه‌مساردیم تێیدا كرد".

هه‌روه‌ها ریكێلمی گوتیشی "دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ پرسیارم له‌ سه‌رۆكی یانه‌ی ڤیاڕیال كرد كه‌ ئه‌وكات یاریم بۆ ده‌كرد، ئایا ده‌توانم بچمه‌ ریزه‌كانی مانچسته‌ر یونایتد، به‌ڵام وه‌ڵامی سه‌رۆكی یانه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌توانن یانه‌كه‌ به‌ ته‌واوی بفرۆشن، ته‌نیا ریكێلمی نه‌بێت، كه‌ ئه‌و هه‌رگیز بۆ فرۆشتن نییه‌، به‌م شێوه‌یه‌ش فێرگسۆن وازی له‌ داواكارییه‌كه‌ی هێنا و چیتر باسی منی نه‌كرده‌وه‌".

ریكێلمی ده‌ڵێت "خۆزگه‌ من پێداگریی زیاترم ده‌كرد، ئه‌وكات ده‌متوانی له‌ به‌هێزترین یانه‌ی خولی ئینگلیزیدا یاری بكه‌م و له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتیی راهێنه‌رێكی ئه‌فسانه‌ییدا راهێنان بكه‌م".