وێنە و ڤیدیۆ؛ ئەو میدالیا زێڕەی لە ئۆڵیمپیاددا زۆرترین کاردانەوەی دروستکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

نوا لایلز، راکەری بەنێوبانگی ئەمریکی، میدالیای زێڕی راکردنی 100 مەتریی لەسەر ئاستی پیاوان لە ئۆڵیمپیاددا بەدەستهێنا و بەجیاوازییەکی زۆر کەم پێش رکابەرەکانی کەوت.
 
لە راکردنی 100 مەتریدا، راکەرە 27 ساڵە ئەمریکییەکە، رکابەرییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ سەرجەم بەشدارانی ئەو راکردنە کرد و بە 7.784 چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی رکابەرییەکە و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
جیاوازیی نێوان لایلز و راکەری جامایکی کیشان تومسۆن تەنیا 0.005 لە بەشی هەزاری چرکە بوو، جیاوازییەکە تەنیا ئەوەبوو لایلز پێشتر قاچی خستە سەر زەوی و بەمشێوەیە پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 
ئەوەی لە رکابەرییەکەدا سەرنجڕاکێش بوو، ئەوەبوو جیاوازییەکە هێندە کەم بوو تاوەکو دیمەنەکە لەسەر شاشەی نێو یاریگە پێشاننەدرایەوە کەس نەیدەزانی کێ براوەی میدالیای زێڕی ئەو رکابەرییەیە.
 
ئەمە یەکەمجارە لە دوای ئۆڵیمپیادی 2004ـی ئەسینا، ئەمریکا لە رکابەرییەکانی راکردنی 100 مەتریدا میدالیای زێڕ دەباتەوە.

 
پلەی سێیەم و میدالیای بڕۆنزی رکابەرییەکە بەر فرید کێرلیی کەوت، کە ئەویشیان راکەرێکی دیکەی ئەمریکا بوو لەو رکابەرییەدا.
 
شتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەو رکابەرییەدا ئەوە بوو، ئوبلیک سێڤیلی جامایکی کە یەکێک بوو لە بەربژێرەکانی بردنەوەی میدالیای زێڕ لە رکابەرییەکەدا پلەی کۆتایی بەدەستهێنا و لامۆن مارسێل جاکۆبسی ئیتاڵی و هەڵگری میدالیای زێڕی رکابەرییەکە لە ئۆڵیمپیادی رابردوودا پلەی پێنجەمی بردەوە.

 
دوای بەدەستهێنانی ئەم میدالیایە و بردنەوەی رکابەرییەکە، نوا لایلز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکە چاوەڕێی دەرچوونی ئەنجامەکە بووین، کاتێک ناوی خۆمم بینی لە پلەی یەکەم بیرم لە ئاستی رکابەرییەکە لەگەڵ کیشان دەکردەوە، لەکاتێکدا من لە هێڵی حەوتەم بووم و ئەو لە هێڵی چوارەمبوو، بۆیە بڕیارمدا بەردەوامبم لە راکردن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنم، رکابەرییەکی شێتانەبوو و پێش ئەوەی بێمە پاریس بڕیارمدابوو رکابەری لەسەر بردنەوەی ئەم رکابەرییە بکەم."
 

نوا لایلز ئەمە جاری دووەمە بەشداری لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا دەکات، پێشتر لە ئۆڵیمپیادی 2020ـی تۆکیۆ لە رکابەرییەکانی راکردنی 200 مەتریدا پلەی سێیەم و میدالیای بڕۆنزی بەدەستهیناوە، ساڵی 2019 لە پاڵەوانێتیی جیهاندا لە راکردنی 200 مەتریدا میدالیای زێڕی لە دەوحە بردەوە، هەر لەوێ لە راکردنی 4 جاران 100 مەتریدا لەگەڵ ئەمریکا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، لە 2023 لە بوداپێستی هەنگاریا لە هەردوو رکابەرییەکەدا پلەی یەکەمی بۆ ئەمریکا بەدەستهێنا.
 
ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین میدالیای زێڕیان بردووەتەوە