دوو یاریزانی بارسێلۆنا تووشی پێکان بوون

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئەمڕۆ پێکانی دوو یاریزانی یانەکەی راگەیاند بەر لە دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی خول و پاڵەوانێتییەکان.

یانەکە کەتەلۆنییەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە: "فرەنکی دیۆنگ لە قاچی راستیدا تووشی پێکانی ماسوولکەکان بووە، بەڵام پێکانەکەی دیۆنگی بە لاوەکی وەسف کردووە و وادەی گەڕانەوەشی بەستراوەتەوە بە خێرایی چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی."

لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەیەکی ئیسپانی ئاشکرایکرد: "فرەنکی دیۆنگ بۆ ماوەی دوو هەفتە لە یاریکردن بێبەش دەبێت، لە جامی خوان گامبەر، بەشداریی ناکات بەڵام پێشبینی دەکرێت لە دەستپێکی لالیگا بەشداریی بکات".

هەروەها لە بەیاننامەی یانە کەتەلۆنییەکەدا هاتووە: "یاریزانی لاو چاڤی تووشی شکانی قاچی راستی بووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت، لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک لە یاریکردن داببڕێت"

یەکەم وێستگەی دەستپێکی لالیگای وەرزی نوێ بۆ یانە کەتەلۆنییەکە لە 15ی ئابی ئەمساڵ دەبێت کاتێک رووبەڕووی یانەی ریال سۆسێداد دەبێتەوە".