پاڵەوانیەتییەكی تۆپی بالە بۆ تیپەكانی باشووری كوردستان ئەنجامدرا


گۆڕەپانی پارکی سامی عەبدوڕەحمان لە هەولێر بووە شوێنی زیندووبونەوەی یاریی بالە لە باشووری کوردستان. 

ماوەی  دوو ساڵە رکابەریی و پاڵەوانیەتیەکانی ئەم یارییە سازنەکراوە، هەر بۆیە وەک دڵنەواییەک بۆ تیپەکان چەند هەوادارێکی یارییەکە پاڵەوانیەتیەکیان کردەوەتەوە کە ١٦ تیپ لەسەر ئاستی شارەکانی باشووری کوردستان بەشدارن، یارییەکانیشی بەشێوازیی دوو دۆڕان بەڕێوەدەچێت. 

ئەوەی بووەتە جێگای سەرنجی هەوادارانی بالە، بەشداریی کردنی ژمارەیەکی زۆری یاریزانە ئاست بەرزەکانی یانەکانی باشووری کوردستان و عێراقە، هەر ئەمەش بووەتە هۆکاریی ململانێیەکی بەهێز لە یارییەکاندا. 

هەرچەندە گۆڕەپانی کێبڕکێ و کەرەستەکانی زۆر سادەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆری هاندەر ئامادەیی یارییەکان دەبن. 

یاریی بالە لە باشووری کوردستان هەوادارێکی زۆری هەیە هەریەک لە یانەکانی شەقڵاوە و پێشمەرگەی سلێمانی رکابەریی دەکەن لە خولی یانە بژاردەکانی عێراق، پۆلێک یاریزانی کوردیش لەپێکهاتەی هەڵبژاردەی بالەی عێراقن.