سعودیە پلانێکی گەورەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە پڕۆژەیەکی گەورەی بۆ وەبەرهێنانی وەرزشی لە وڵاتەکەیدا راگەیاند، بۆ گەیشتن بە ئامانجی میواندارییکردنی مۆندیالی 2030.
پلانی سعودیە کە پەسەندکراوە بۆ ئەوەیە برەو بە دیدگای سعودیە بدرێت بۆ ساڵی 2030 کە خۆی لە چەند ئامانجێکی جیاوازدا دەبینێتەوە، کە لە رێگەیەوە کاردەکرێت بۆ وەبەرهێنانی وەرزشی بۆ رێکخستنی یانەکانی وڵاتەکە، کە لە رێگەیەوە کار بۆ زیادکردنی داهاتی خولی تۆپی پێی سعودیە دەکرێت و دەیانەوێت لە 450 ملیۆن ریالەوە داهاتی خولەکە بۆ 1.8 ملیار ریال لە ساڵێکدا بەرزبکەنەوە، جگە لەوەش کاردەکەن بۆ ئەوەی بەهای بازاڕیی خولەکە لە 3 ملیار ریالەوە بۆ 8 ملیار ریال بەرزبکرێتەوە.
ئامانجە ستراتیژییەکانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی وەرزشی ئەمانەن
- دروستکردنی هەلی چۆنایەتی و ژینگەیەکی سەرنجڕاکێس بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وەرزشیدا و بەدەستهێنانی ئابوورییەکی بەردەوام لە رێگەی وەرزشەوە.
- بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەگەری و حکومرانیی کارگێری و دارایی لە یانە وەرزشییەکاندا.
- بەرزکردنەوەی ئاستی یانەکان، لە رێگەی باشترکردنی ژێرخانی وەرزشی و پێشکێشکردنی باشترین بە هاندەرانی وەرزشی، ئەمەش رەنگدانەوەی گرنگی لەسەر بینەرانی خولەکە دەبێت.
سعودیە لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکی جیاوازەوە دەیەوێت کار بۆ گەیشتن بە خەونی میواندارییکردنی مۆندیال بکات، دوو ساڵ لەمەوبەر یانەی نیوکاسل یونایتدی ئینگلیزیی کڕییەوە، وەرزی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندیی بە یانەی نەسڕەوە کرد، بۆ ئەم هاوینە یانەکانی ئەو وڵاتە بە رژدی هاتوونەتە سەرهێڵ و دەیانەوێت هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، کەریم بنزیما، سێرخیۆ بوسکێس، سێرخیۆ رامۆس، ئێنگۆلۆ کانتێ، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئێدین دزیکۆ و چەند یاریزانێکی دیکە ببەنە ریزەکانی یانەکانیان.