مێسی بەنیازە کۆپا ئەمریکا بایکۆت بکات

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێ، چووە پاڵ ئەو یاریزانانەی دژی بەڕێوەچوونی کۆپا ئەمریکان کە بڕیارە لە بەرازیل بەڕێوەبچێت، بەڵام لیۆ دڵخۆش نییە بەشداری ئەو پاڵەوانێتییە بکات بەهۆی زیادبوونی ژمارەی مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

رۆژانامەکی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایکرد: "مێسی هاوشێوەی کارلۆس کاسیمیرۆی ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، هاوڕایە کە بەڕێوەچوونی کۆپا ئەمریکا لە کاتێکی نە گونجاو بەڕێوەدەچێت کە وڵاتەکەش کە بەرازیلە گونجاو نییە بۆ میوانداریکردنی یارییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا هیچ قسەیەکی لەوبارەیە نەکردووە".

هەروەها رۆژنامەکە باسی ئەوەشی کردووە: "لیۆنێل مێسی لەگەڵ لویس سوارێز ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئۆرەگوای قسەی کردووە سەبارەت بە بیراگۆڕینەوە دەربارەی دروستکردنی کۆدەنگی ئەستێرەکانی ئەو کیشوەرە، بۆ ئەوەی رێگری لە بەڕێوەچوونی کۆپا ئەمریکا بکەن".

هەروەها باس لەوە دەکرێت، مێسی لەو بارەیەوە هۆشداری بە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین داوە کە لە دۆخێکی لەم شیوەیە، دڵخۆش نییە بەشداری کۆپا ئەمریکا بکات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "سێشەممەی داهاتوو رۆژێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی پاڵەوانێتییە، بەڵام ئێستا کاپتنی سەرجەم هەڵبژاردەکان لە هەوڵی ئەوەدان سەرجەم یاریزانەکانی هەڵبژاردە بەشداربووەکان رازیی بکەن کە بایکۆتی ئەو پاڵەوانێتییە کیشوەرییە بکەن".


لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی بەرازیل کارلۆس کاسیمیرۆ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید رایگەیاند: "سەرجەم یاریزانەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل بە یەک دەنگ، دژی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی کۆپان، بەهۆی دۆخی تەندروسیی وڵاتەکەیان کە رۆژانە نزیکەی 100 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت و لانیکەم رۆژانە 2000کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیان لەدەست دەدەن".

بڕیاربوو کۆپا بە هاوبەشی لە هەردوو وڵاتی کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین بەڕێوەبچێت، بەڵام هەردوو وڵات بە پاساوی باری تەناهی و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریاندا میوانداری کۆپا ئەمریکا نەکەن، پاشان بۆلسۆنارۆی سەرۆکی بەرازیل، ئامادەیی نیشاندا بەرازیل میوانداری پاڵەوانێتییەکە بکات، ئەمەش نارەزایەتی شەقامی بەرازیلی و هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیلی لێکەوتەوە.