یاریزانێک کەرەنتینە دەشکێنێت و هەڕەشە لە دەستپێکردنەوەی بۆندسلیگا دەکات

رووداو - هەولێر

سالۆمۆن کالۆ، یاریزانی کوتدیڤواریی یانەی هێرتا بەرلینی ئەڵمانی، کەرەنتینە دەشکێنێت و هەرایەکی گەورە لە ئەڵمانیا دەنێتەوە.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئەڵمانیا گڵۆپی سەوزیان بە دەستپێکردنەوەی یارییەکانی بۆندسلیگا هەڵکردووە و یانەکانی ئەو وڵاتە بەپێی پۆرۆتۆکۆڵێک دەستیان بە مەشقەکانیان کردووەتەوە، کالۆ لە لایڤێکی فەیسبووکدا، کەرەنتینەی شکاند.

کالۆ لە کاتی لایڤەکەیدا هیچ پابەندییەکی بە رێنماییەکانی تایبەت بە دوورکەوتنەوە لە هاوڕێکانی بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پێوە دیارنییە، کە مۆبایلێکی بەدەستەوەیە، سڵاو لە هاوڕێکانی دەکات و تەوقە لەگەڵ ڤیداد ئیبیسیڤیچی هاوڕێی دەکات، بەر لەوەی بچێتە ژووری یاریزان جۆردان تۆرۆناریگا، کە داڤید دی میلی پسپۆری چارەسەری سروشتی ئەوکات پشکنیی کۆرۆنا بۆ یاریزانەکە دەکات، ئەو داوا لە کالۆ دەکات ئەو لایڤە رابگرێت، کەچی کالۆ بێباکانە لە ژوورەکە دەردەچێت و دەڵێت "تەنیا گاڵتە دەکەم"، ئەوەش لێشاوێک ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

یانەی هێرتا بەرلین لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، نیگەرانی خۆی لەو هەڵوێستەی ئەستێرە ئەفریقییەکەی نیشاندا، کە تێیدا هاتووە "بەداخەوە کالۆ بنەما و یاساکانی یانەکەمانی پێشێل کردووە، ئەو کارێکی کردووە کە لەگەڵ هەڵوێستی ئێستامان ناگونجێت، ئێمە بە هەموو شێوەیەک پابەندین بە رێنماییە پزیشکی و تەندروستییەکان".

هەر لەو بارەیەوە مایکل بریتزی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە ئەڵمانییەکە، گوتی "خەڵکی زۆر نیگەرانن لەو کارەی کالۆ کردوویەتی، بەتایبەتیش کە کالۆ یاریزانێکی گەورەیە و خاوەن ئەزموونێکی زۆرە لەنێو یاریگەکانی تۆپی پێدا".

ئەو بەرپرسەی هێرتا بەرلین، هەروەها گوتی "کالۆ بەو رەفتارەی نەک تەنیا زیانی بە هێرتا بەرلین گەیاندووە، بەڵکو زیانی بەو هەوڵ و دانوستانانەش گەیاند کە ئێستا لە ئارادان بۆ دەستپێکردنەوەی بۆندسلیگا".

ئەگەرچی کالۆ لە لایەن یانەکەی سزادەدرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەستەی بۆندسلیگا هەڕەشەیەکی تووندی لە کالۆ کرد و رایگەیاند بەهیچ شێوەیەک ئەو جۆرە رەفتارانە قبووڵ ناکات.

کالۆش لەلای خۆیەوە داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند "بەداخەوە کە ئەم رەفتارەم وا نیشاندەدات کە من هیچ بایەخێک بە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە نادەم، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر بایەخی پێدەدەم، داوای لێبوردن لە هەموو لایەک دەکەم".