ڤیدیۆ؛ پۆرتۆ دۆڕانی بیرچووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی پۆرتۆ هەنگاوێکی گرنگی بەرەو بەدەستهێنانی نازناوی خولی پۆرتوگالی هاوێشت و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ رکابەرەکەی کردە 6 خاڵ.
 
لە دوایین یاریی گەڕی 29ـی خولی پۆرتوگالدا، یانەی پۆرتۆی پێشەنگی خولەکە، لەسەر یاریگەی دراگاو میوانداری یانەی سانتاکلارای دەیەمی ریزبەندی کرد و 3-0 لێیبردەوە.
 
فابیۆ ڤیێرای یاریزانی پۆرتوگالی، لە ماوەی 3 خولەکدا، لە خولەکی 38 و 41ـدا دوو گۆڵی بۆ پۆرتو تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بۆ یانەی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمیشدا هەر پۆرتۆ باشتر دەرکەوت، تاوەکو زیدۆ سانوسیی یاریزانی نایجیری لە خولەکی 84ـدا گۆڵی سێیەم و بردنەوەی تۆمارکرد.
 
بەم ئەنجامە پۆرتۆ ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 76 خاڵ و شوێنپێی خۆی لە پێشەنگدا قایمتر کرد، کە ئێستا جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ سپۆرتینگ لیشبۆنەی دووەم بووە 6 خاڵ.
 
یانەی بێنفیکاش لە پلەی سێیەمدا 61 خاڵی هەیە، کە ئەمشەو لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەکات.
 
پۆرتۆ تاوەکو ئێستا لە کۆی 28 یاری 24 یاری بردووەتەوە و لە 4 یاریشدا یەکسانبووە و هێشتا هیچ دۆڕانێکی نییە.