ئەمڕۆ یوڤێنتوس و رۆما یاریی لووتکەی سێریا ئەی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

لە گەڕێکدا کە ناپۆلی پێشەنگ بە لازیۆ دۆڕاوە و میلانی پاڵەوانی وەرزی رابردووش بەرامبەر فیۆرێنتینا شکستی هێناوە.. خۆیشی بەرامبەر رۆما یاریدەکات.. هەلەکە بۆ خانمە پیرەکە گونجاوە تاوەکو لە هەنگاونان بەرەو پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوام بێت.
 
رۆما میوانداری یوڤێنتوس دەکات، یارییەکی دیکەی گرنگ و سەرنجڕاکێش و پێکدادانی بیرۆکەکانی دوو راهێنەر کە سەوداسەری تەکتیک و پلانی قورس و ئاڵۆزن.. دوو راهێنەر ئەزموونی زۆریان لە ئیتاڵیا هەیە و هەردووکیان پێشتر نازناوی خولەکەیان بەدەستهێناوە.. ئەوە رووبەڕووبوونەوەی ماسیمیلیانۆ ئالێگری و جۆزێ مۆرینیۆ دەبێت.
 
ئەگەر مۆرینیۆ لەگەڵ رۆمادا، وەک سەردانکەرێکی ناوەخت هەفتەیەک خۆی بکات بە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکەدا و هەفتەی دواتریش بەبێ ماڵئاوایی لێی بێتە دەرەوە.. یوڤێنتوس لە پاش شکاندنی پانزە خاڵەکەیەوە لە خولی ئەمساڵدا، دەیەوێت وەک میوانێکی تیژڕۆ، خۆی بە ریزەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکەدا بکاتەوە.
 
رۆما لە شکستێکی لەناکاوەوە بەرامبەر کریمۆنیزی روو لە یارییەکەی ئەمشەو دەکات.. جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەکە وێڕای دەرکردنی بە کارتی سوور لە یارییەکەدا، ئەمشەو دەتوانێ سەرپەرشتی تیپەکەی بکات، چونکە داواکاری گشتیی ئیتاڵیا، سزاکەی سەر مۆرینیۆی هەڵپەساردووە.. ئەگەر ئەمە هەواڵێکی خۆش بێت بۆ رۆمانیستا، بێگومان ئەو هەواڵەش ناخۆشە کە باس لە ئەگەری یارینەکردنی لۆرینزۆ پیلیگیری کاپتنی تیپەکە دەکات بەهۆی پێکانەوە.
 
یوڤێنتوس پێدەچێ لە باشترین کاتەکانی وەرزی ئەمساڵیدا روو لە ئۆڵەمپیکۆ بکات.. چوار بردنەوەی لەسەریەک لە خولەکەدا و سەرکەوتن بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە پاڵنەرێکی باش دەبێت بۆ یاریزانەکانی ئالێگری تاوەکو ئەو خەونە بکەنە راستی کە ئەو راهێنەرە بە سەرکەوتن بۆ چامیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەستنیشانیکردووە.
 
جیا لە ئەنجامە باشەکان و گەیشتن بەسەقامگیری لە یارییەکانی رابردوودا، ئێستای یوڤێنتوس یەکێکە لەو ساتە کەمانەی ئەمساڵی تیپەکە، کە زۆرینەی یاریزانەکان بۆ یاریکردن تێیدا ئامادەن.. یارییەکەی رۆما دەبێتە دووەم یاری لەسەریەک کە پۆل پۆگبا ئامادەیە بۆ دەرکەوتن تێیدا و ئەستێرە درەوشاوەکانی وەک دیماریا، ئادریان رابیۆ و ڤلاهۆڤیچ لە لیستی یانەکەدان بۆ یارییەکە.