هاندەرانی یانەیەکی تورکیا وشەی رەگەزپەرستی لە دژی ئامەد سپۆر دەڵێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی بورسا سپۆر لە رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیادا، یاریزانانی یانەی ئامەد سپۆر لەلایەن هاندەرانی بورساوە رەگەزپەرستیان لە بەرامبەر بەکاردەهێنرێت.
 
شەوی شەممە لە شوێنی مانەوەی لە بورسا، هاندەرانی یانەی بورسا سپۆر چوونەتە بەردەم هۆتێلی یانەی ئامەد سپۆر و وشەی رەگەزپەرستیان لە دژی یاریزانانی یانەکە گوتووەتەوە، بۆ ئەوەی دەروونی یاریزانەکان تێکبدەن و بۆ یارییەکە بە ئاستی راستەقینەی خۆیان دەرنەکەون.
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، هاندەرانی یانەی بورسا لەبەردەم هۆتێلی ئامەد سپۆر کۆبوونەتەوە و هاوار دەکەن " چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی دەڵێت من تورکم."
 
ئامەد سپۆر لەبارەی ئەم رووداوانەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنانە هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە لە رکابەرییەکانی گەڕی 23ـی خولی تورکیا، یانەی ئامەد سپۆری پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دەبێتە میوانی بورسا سپۆر.
 
لە یاری نێوان ئامەدسپۆر و بورسا سپۆر لە ساڵی 2016دا لایەنگرانی یانەی بورساسپۆر دوای یارییەکە هێرشیان کردە سەر یاریزانانی یانەی ئامەد سپۆر ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە هەمیشە یارییەکانیان رکابەرییەکی زۆری تێدا بێت و بەردەوام هاندەرانی هەردوولا لە دژی یەکدی بوەستنەوە.