سێرخیۆ رامۆس لە دۆخێکی خراپدایە

رووداو دیجیتاڵ

سێرخیۆ رامۆس، هیچ گرەنتییەکی نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بەردەوام بێت.
 
دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید رێکنەکەوت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، سێرخیۆ رامۆس بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد، بەڵام یانە فەرەنسییەکە هیچ سوودێکی لێوەرنەگرت، بەهۆی ئەوەی بە بەردەوامی تووشی پێکان بووە.
 
ئەگەرچی پێشتر بەرپرسانی پاریس سانجێرمان چەندینجار دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەوان پەشیمان نین لە گرێبەستکردن لەگەڵ رامۆس و دڵنیان لەوەی یاریزانەکە خزمەتێکی زۆر بە یانەکەیان دەکات، خودی یاریزانەکەش دووپاتیکردووەتەوە کە پێکانەکان ئەو سارد ناکەنەوە و دەیەوێت لەگەڵ یانەی پاریسی مێژوویەک تۆماربکات، بەڵام وادیارە دۆخەکە گۆڕاوە.
 
ئەو هەموو پێکانانەی رامۆس لە پاریس دووچاریان بووە، بەرپرسانی یانەکەی پایتەختیان گەیاندووەتە ئەو بڕوایە کە چیدی پێویست ناکات کاپتنی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە ریزەکانی یانەکەیاندا بمێنێتەوە.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئیتاڵی و پسپۆر لە گواستنەوەی یاریزانان، لەو بارەیەوە دووپاتیکردەوە، کە هیچ گرەنتییەک نییە بۆ مانەوەی رامۆس لەگەڵ پاریس سانجێرمان.
 
ئەو دەڵێت "ئەگەرێکی زۆر هەیە سێرخیۆ رامۆس لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە پاریس سانجێرمان بڕوات، هەر چۆنێک بێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا داهاتووی رامۆس بڕیاری لەسەر دەدرێت".
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، زیاتر دەڵێت "لەوانەیە رامۆس مانگی شەش لە پاریس بڕوات، بەهۆی بەردەوام دووبارەبوونەوەی پێکانەکانی، کە بە بەردەوامی بەدەستییانەوە دەناڵێنێت".
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە چەندین بژاردە لە بەردەم رامۆسدان، ئەگەر بڕیار رۆیشتنی بێت لە پاریس سانجێرمان، بەڵام ئاشکرای نەکرد کە ئەو یانانە چین، کە لەوانەیە داوای گرێبەست لە رامۆس بکەن.