سەمەرەکانی سەردەمی کۆرۆنا.. بیلباو لە دوو هەفتەدا یاری بۆ دوو نازناو دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێک لە سەمەرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بریتییە لە ئەنجامدانی دوو فایناڵی پاڵەوانێتییەک لە ماوەی دوو هەفتەدا، کە یەکێکیان تایبەتە بە وەرزی رابردوو، ئەوەی دیکەشیان بەم وەرزە.
 
دوای ئەوەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا و لە یاریی گەڕانەوەدا 2-1 شکستی بە یانەی لیڤانتی هێنا، ئەو تیپە لە رۆژی 17/4 لە فایناڵی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بە یانەی بارسێلۆنا یاریدەکات.
 
بەڵام بەر لەوەی ئەو یارییە بەرامبەر بە بارسا بکات، رۆژی 3/4 یانەی بیلباو دەبێت یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیای وەرزی 2019-2020 بەرامبەر بە یانەی ریال سۆسیداد بکات کە هێشتا ئەو یارییە نەکراوە، بۆیە یانە سوور و سپییەکەی باسک بۆی هەیە لە ماوەی دوو هەفتەدا دوو نازناو بباتەوە، یانیش هەردووکیان بدۆڕێت، یان هەر هیچ نەبێ نازناوێک بباتەوە.
 
بیلباو لە یاریی گەڕانەوەی پێشکۆتایی ئەم وەرزەدا بەرامبەر بەلیڤانتی دوای ئەوەی هەردوو تیپ 1-1 یەکسانبوون، لە گێمی زیادکراوی دووەمدا بە گۆڵی ئەلێکس بێینیگەر گەیشتنە فایناڵ.
 
ئاتلێتیک بیلباو لە سەدەی 21ـدا تەنیا یەک نازناوی بردبووەوە ئەویش جامی سووپەری ئیسپانیا بوو لە ساڵی 2015، بەڵام ساڵی 2021 هەرزوو بە رووی ئەو یانەیەدا پێکەنی، دوای ئەوەی لە فایناڵی جامی سوپەری ئیسپانیادا شکستی بە یانەی بارسێلۆنا هێنا، ئەمساڵیش هەلی ئەوەیان لەبەردەستە سێ نازناو یان زیاتر ببەنەوە.
 
بیلباو خاوەنی 23 نازناوی جامی شایە کە دووەم زۆرترینە لەدوای بارساوە، کە خاوەنی 30 نازناوە، بەڵام لە ساڵی 1984ـەوە ئەم نازناوەی نەبردووە.