فیلمێك له‌ باره‌ی دوو خوشكه‌كه‌ی تێنس به‌رهه‌مده‌هێنرێت


رووداو – هه‌ولێر

بڕیاروایه‌ فیلمێكی سینه‌مایی له‌ باره‌ی ژیانی هه‌ردوو تێنسزانی ئه‌مه‌ریكی و خوشك، سێرینا و ڤینۆس ویلیامز به‌رهه‌بهێنتێت و ویل سمیسی ئه‌كته‌ری ناوداریش رۆڵی باوكیان ده‌بینێت.

فیلمه‌كه‌ به‌ ناوی   King Richard ده‌بێت و زاك بایلین سیناریۆی بۆ نووسیوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ویل سمیسی ئه‌كته‌ری ناوداری ئه‌مه‌ریكییش رۆڵی باوكی هه‌ردوو كچه‌ یاریزانه‌كه‌ ده‌بینێت، كه‌ ناوی ریچارد ویلیامزه‌.

ویل سمیس


فیلمه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ تیم وایت و ترافۆر وایت له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای ستار ترۆریه‌ر ئینته‌رته‌یمنته‌وه‌  به‌رهه‌مده‌هێنرێت، هه‌روه‌ها ویل سمیس له‌ رێگه‌ی كۆمپانیاكه‌ی خۆیه‌وه‌ "ئۆڤه‌ربرۆك ئینته‌رته‌یمنت" به‌شداری به‌شێكی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ ده‌كات.

هه‌ردوو خوشك سێرینا و ڤینۆس ویلیامز به‌ ئه‌فسانه‌ی تێنس له‌ ئاستی خانماندا داده‌نرێن و له‌ گه‌ڕی كۆمپتۆن، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ترسناكترین گه‌ڕه‌كه‌كانی لۆس ئانجیلس، گه‌وره‌بوونه‌، به‌ڵام په‌یڕه‌ویی ئه‌و پلانه‌یان كردووه‌، كه‌ باوكی بۆی داڕشتبوون و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ باوكی پلانی ئه‌وه‌بووه‌ كچه‌كانی ده‌ست به‌سه‌ر دنیای تێنسی خانماندا بگرن.

باوكی هه‌ردوو كچه‌ یاریزانه‌كه‌، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر منداڵه‌كانی كردووه‌ و هانیداون تاوه‌كو ببنه‌ دوو باشترین یاریزانی تێنس.