لالیگا کەمپینی 'هەمووان لە دژی شێرپەنجە' رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 4ـی شوبات، رۆژی جیهانی شێرپەنجەیە، بەو بۆنەیەوە کۆمەڵەی ئیسپانی دژی شێرپەنجە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لالیگا هۆشداری لەبارەی گرنگی خۆپارستن لە نەخۆشی شێرپەنجە بڵاودەکەنەوە.
بەو بۆنەیەوە بڕیاریانداوە لە گەڕی 23ـی لالیگا کەمپینی 'هەمووان لە دژی شێرپەنجە' رابگەیەنن، کە تێیدا 'قۆڵبەندی هیوا'، کە قۆڵبەندێكی سەوزە لەلایەن یاریزانانەوە دەپۆشرێن، لەگەڵ ئەوەشدا لالیگا دەیەوێت لە کاتی یارییەکاندا لەسەر شاشەی نێو یاریگە و سۆشیاڵ میدیاکانی پەیامی هیوابەخشین بە تووشبووانی ئەو نەخۆشییە بڵاوبکاتەوە.
لە هەمانکاتدا، لە پاڵەوانێتییەکانی دیکەی وەک باسکە، تۆپی دەست و رەگبی، هەمان کەمپین راگەیێنراوە و یاریزانانی ئەو وەرزشە جیاوازانە قۆڵبەندی سەوز دەپۆشن وەک پشتگیرییەک بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە.
ئامانجی ئەم کەمپینە ئەوەیە کە تاوەکو ساڵی 2030 رێژەی ئەوانەی نەخۆشییەکە تێدەپەڕێنن بگاتە ٪70، ئەوەش لە رێگەی ئەنجامدانی توێژینەوە، خۆپاراستن و چارەسەرکردنەوە بێت.
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی ئیسپانی دژی شێرپەنجە، تاوەکو ساڵی 2030، لە هەر سێ ئافرەتێک، یەکێکیان تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام ئەو رێژەیە لە پیاواندا زیاتر دەبێت کاتێک لە هەر دوو پیاوێکدا یەکێکیان بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت.