لێدوانی فەرمی بارسێلۆنا لەبارەی کڵۆپەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت، دێکۆی بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە باس لە بڕیارەکەی چاڤی دەکات و لەبارەی شوێنگرەوەی ئەو راهێنەرە دەدوێت. 
 
دێکۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی چاڤی دەڵێت "ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد چاڤی دەستلەکار بکێشێتەوە، من رۆژانە لەگەڵی کار دەکەم و پلانی گواستنەوەی ڤیتۆر رۆکیمان دادەنا، هەروەها باسی ئەوەمان دەکرد کە بەهۆی پێکانی باڵدێوە یاریزانێک بگوازینەوە."
 
لەبارەی پرسیاری هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی چاڤی، دێکۆ دەڵێت "ئەو خۆی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە. ئەو ساڵی رابردوو نازناوی لالیگای بەدەستهێنا، بەڵام بەپێی پێویست لەلایەن میدیاکانەوە رێزی لێنەگیرا."
 
دێکۆ زیاتر دەڵێت "ئەم تیپە هەرگیز داوای بردنەوەی لێنەکراوە، بەڵکو داوای ئەوەی لێکراوە کە رکابەری بکات، چونکە کاتێک رکابەری دەکەیت چانسی بردنەوە زیاد دەبێت."
 
لەبارەی دەستنیشانکردنی راهێنەرێک بۆ شوێنگرتنەوەی چاڤی، دێکۆ دەڵێت "تاوەکو ئێستا قسەمان لەگەڵ هیچ راهێنەرێک نەکردووە. ئەو کەسەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەمان وەردەگرێت دەبێت کەسێک بێت کە پلانی یانەکە جێبەجێ بکات، شێوازی یارییکردنی بارسا پەیڕەو بکات و یارییەکی باش بکات."
 
لەبارەی دەستنیشانکردنی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول وەک شوێنگرەوەی چاڤی، دێکۆ دەڵێت "ئەو راهێنەرێکی نایابە، بەڵام پێموایە ئێستا کاتێکی باش نییە بۆ ئەوەی لەوبارەیەوە قسە بکەین."
 
دواتر دێکۆ باسی هەریەکە لە تیاگۆ مۆتا و رافا مارکێز دەکات کە لە رابردوودا یاریزانی بارسا بوونە و ئێستا یەکەمیان راهێنەری یانەی بۆڵۆنیایە و ئەوەی دیکەیان راهێنەری تیپی دووەمی بارسێلۆنایە، دەڵێت "من زۆر ئاگام لە مۆتا نییە، چونکە ئەو راهێنەرایەتی یانەیەکی ئیتاڵی دەکات کە من ئاگاداری نیم، بەڵام ئاگام لە مارکێز هەیە، چونکە لە بارسایە، ئەو راهێنەرێکی گەنجە و بوونی لێرە وادەکات بەرەوپێش بچێت."