گواردیۆلا: گواستنەوەی هالاند ئاسانە.. بەڵام

رووداو دیجیتاڵ
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە ئەوان لەگەڵ هالاند دڵخۆشن و هەرگیز حەزناکەن دەستبەرداری ببن. گوتیشی "دیارە ئێوە نازانن کە ئێمە دەمانەوێت ئێرلینگ دە ساڵی دیکە لەهگەڵماندا بێت".
 
لە ماوەی رابردوودا، بەشێک لە میدیاکانی ئیسپانیا باسیان لەوە دەکرد کە هالاند لە مانچێستەر سیتی دڵخۆش نییە و دەیەوێت پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات، دواتر گواردیۆلا ئەو هەواڵانەی رەتکردووە و گوتی "پێدەچێت میدیاکانی مەدرید زانیاری زیاتریان هەبێت لەبارەی ئەوەی ئایا هالاند لەگەڵ ئێمە دڵخۆشە یان نا، چونکە ئێمە پێمان وانییە ئەو دڵتەنگ بێت."
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی پێش یارییەکەیان بەرامبەر برێنتفۆرد لە گەڕی 23ـی پرێمەرلیگ، جارێکی دیکە لەبارەی بارودۆخی هالاندەوە پرسیار لە گواردیۆلا دەکەن، کە ئایا حەز دەکات هالاند بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵیان بمێنێتەوە، پێپ لە وەڵامدا دەڵێت "بیر له‌ چی ده‌كه‌یته‌وه‌؟ پێت وایە ئێمە نامانەوێت ئێرلینگ هالاند بۆ ماوەی دە ساڵ لە تیپەکەدا بمێنێتەوە؟ ئێمە ئەومان خۆش دەوێت و دەمانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵمان بێت."
 
پێپ زیاتر دەڵێت "کەسێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کۆمێنتێک دەدات، یەکسەر دەبێتە هەواڵێکی گەورە و دەڵێن ئەوە روودەدات، بەڵام ئەوە روونادات هەتاوەکو ئەو کاتەی ئێرلینگ بڕیاردەدات کە گرێبەستەکەی لەگەڵمان نوێبکاتەوە یان نا، یان مانچێستەر سیتی بڕیار دەدات گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە یان نا." 
 
گواردیۆلا زیاتر دەڵێت "ئەگەر یانەیەک ئێرلینگی بوێت، ئەوە ئاسانە، دەتوانن پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە بکەن و داوای بکەن، کارەکە لەوە ئاڵۆزتر نییە، ئێمەش کاتێک یاریزانێکمان بوێت ئەو کارە دەکەین. ئەگەر لێدوان لەسەر هەر هەواڵێک بدەین کە لە سەرچاوەیەکی دەرەکییەوە دێت، ئەم کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هەرگیز کۆتایی نایەت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا پێپ باس لە درێژکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە نەرویجییەکە دەکات و دەڵێت "نوێکردنەوەی گرێبەستی هالاند کاری من نییە، ئەوە پەیوەندی بە حەزی یاریزانەکە و بڕیاری یانەکەوە هەیە، کە ئایا گرێبەستێکی نوێی پێشکەش دەکەن یان نا، من هیچ زانیارییەکم لەو بارەیەوە نییە. ئەو وەرزی رابردوو پەیوەندی پێوە کردین و کاریگەرییەکی باوەڕپێنەکراوی بەسەر تیپەکەدا هەبووە، لە داهاتوودا چی روودەدات؟ ئەوەیان نازانم، ئێمە لەگەڵ ئەو دڵخۆشین و هیوادارم ئەویش هەمان هەستی بەرامبەرمان هەبێت، ئێمە ناتوانین کۆنترۆڵی ئەوە بکەین کە خەڵکی دەیڵێن، بۆیە شتێکی ئاساییە." 
 
گرێبەستەکەی هالاند لەگەڵ مانچێستەر سیتی تاوەکو ساڵی 2027ـە و بەهای یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 180 ملیۆن یۆرۆیە، لەم وەرزەدا لەگەڵ سیتیزنس لە 23 یاریدا بەشداری لە 24 گۆڵ کردووە.