پەبجی مۆبایل ڤیدیۆیەکی "ئاری گەیمینگ" بڵاودەکاتەوە


رووداو - دیجیتاڵ 

ئاری خەلیل، گەیمەرێکی کوردی شاری هەولێرە، ماوەی چەند ساڵێکی ناوێکی دیاری نێو سۆشیال میدیایە و بەم دووایەش لەلایەن کۆمپانیای پەبجی مۆبایلەوە هەڤپەیڤینێكی لەگەڵدا ئەنجامدرا.
 
ئەو گەیمەرە کوردە لەلایەن کۆمپانیای پەبجی مۆبایل بۆ یارییە ئەلکترۆنییەکان هەڤپەیڤینێكی لەگەڵدا کراوە و باسی ژیانی خۆی دەکات، هەروەها وەک یەکێک لە باشترین یاریزانانی کورد لە یاریی پەبجی مۆبایل باس دەکرێت. 
 
ئاری خەلیل حەسەن، کە بە ئاری گەیمینگ ناسراوە بەرلەوەی دەست بە یاری پەبجی مۆبایل بکات قوتابی بوو، بە گوتەی خۆی "کەس نەیدەناسی" بەڵام ئێستا دیارترین یاریزانەکانی نێو یارییەکەیە. 
 
ئاری یەکێكە لەو چیرۆکانەی کە بەهۆی یاریی پەبجییەوە توانیویەتی سوود بەخۆی بگەیێنێت و ئێستا خاوەنی بزنسی خۆیەتی، ئەو بە رووداوی راگەیاند: بەهۆی یارییەکەوە توانیومە دوکانێكی یارییە ئەلکترۆنییەکان بکەمەوە کە تەنیا کەلوپەلی یاریی ئەلیکترۆنی تێدا دەفرۆشم.
 
ئاری لە ساڵی 2018ـەوە یاریی پەبجی مۆبایل دەکات، ئیستا تەمەنی 27 ساڵە و ساڵی 2019 بوونە پاڵەوانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە ئاڵا و ناوی کوردستانەوە لە وەرزی 2019-2020 لە مالیزیا بەشدارییان لە پاڵەوانێتیی پەبجی مۆبایلی جیهاندا کرد، لە سآڵی دواتر هەلی ئەوەیان بۆ رێککەوت کە بەشداری لە جامی جیهانی بکەن لە ئەڵمانیا بەڵام بەهۆی پێنەدانی ڤیزاوە نەیانتوانی گەشت بکەن.
 
جیا لەو پاڵەوانێتییانەش، چەندین خول و پاڵەوانێتیی نێوخۆیی بەشداربووە و لەگەڵ هاوڕێکانیدا نازناویان بەدەستهێناوە.