هاندەرانی بارسێلۆنا سووکایەتی بە دێمبێلی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا رێگەیان لە عوسمان دێمبێلی، یاریزانی یانەکەیان گرت و سووکایەتییەکی زۆریان پێکرد و جنێوبارانیان کرد، بارسێلۆناش ترسی لەوە هەیە سبەی لەنێو کامپ نودا جارێکی دیکە جەماوەر دژی یاریزانەکە بوەستێتەوە.
دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییە گرنگەکەی سبەینێیان، بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید رایگەیاند، عوسمانی گەڕاندووەتەوە و پێکهاتەکەی و گوتی "دێمبێلی هێشتا یاریزانێکە لە تیپەکەمان و یارمەتیمان دەدات"، عوسمان ئامادەی مەشقەکانی ئەمڕۆی بارسا بوو.
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایکرد، کە لە کاتی گەیشتنی دێمبێلی بۆ یاریگەی مەشقەکانی بارسێلۆنا، کۆمەڵێک لە هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە هێرشیان کردە سەر عوسمان و سووکایەتییەکی زۆریان پێکرد و دەڵێن "دێمبێلی جنیوباران کرا و هاواریان دەکرد، بەکرێگیراو بەکرێگیراو".
کامێرای رۆژنامەڤانان ڤیدیۆی دێمبێلییان گرتووە، کاتێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا رووبەڕووی هێرشی هاندەرە تووڕەبووەکانی بارسا دەبێتەوە و بەبێ دەنگی دەچێتە نێو یاریگە.
ئەم هەڵوێستەی هاندەرانی بارسا بەهۆی ئەوەیە کە یاریزانەکە ئامادە نەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێبکاتەوە و لە مێرکاتۆی زستانەشدا لەو یانەیە نەڕۆیشت، بۆیە لە مێرکاتۆی هاوینەدا بەبێ بەرامبەر لە یانەکە دەڕوات، سەرەڕای ئەوەی بارسا لە 2017 بە زیاتر لە 125 ملیۆن یۆرۆ کڕیویەتی.
ئەوەی بارسێلۆنا لێیدەترسێت ئەوەیە کە ئەگەری هەیە سبەی لە نێو کامپ نودا و لە کاتی یاریی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە یارییەکی زۆر گرنگە بۆ بارسا، ئەو رووداوە دووبارە ببێتەوە و هاندەرانی بارسێلۆنا دروشم لە دژی دێمبێلی بڵێنەوە و سووکایەتی پێبکەن، کە بێگومان ئەو کارە کاریگەری خراپی بەسەر ئاستی عوسمانەوە دەبێت.