بارسێلۆنا بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد و هانز ستایشی لامین دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای سێ یاریی بەبێ بردنەوە یانەی بارسێلۆنا گەڕایەوە سەر رێگەی سەرکەوتن و بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی ریال مایۆرکای بردەوە.

لە یارییەکی پێشخراوی گەڕی 19ـی لالیگادا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی ریال مایۆرکا و یارییەکەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
سەرەتا لە خولەکی 12 فێران تۆرێس گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 43 ڤێدات موریکی ئەنجامەکەی بۆ مایۆرکا یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا، لامین یامال و رافینیا ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد، لامین لێدانی سزای بەدەستهێنا و رافینیا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، ئەمە لە خولەکی 56 بوو.
 
هەمان یاریزان لە خولەکی 74 گۆڵی دووەمی خۆی سێیەمی بارسای تۆمارکرد، پاشان هەریەکە لە فرێنکی دییۆنگ و پاو ڤیکتۆر دوو گۆڵی دیکەیان تۆمارکرد و بارسێلۆنا یارییەکەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و دوای سێ یاری یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد.
 
بارسا بەم بردنەوەیە خاوەنی 37 خاڵە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگایە و لە 2009ـەوە بەرامبەر مایۆرکا نەدۆڕاوە.
 
دوای یارییەکە هانز فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا گوتی "ئێمە دڵخۆشین، بیرم لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوێنێ و بەر لە یارییەکە دەکردەوە، دڵخۆشین مانگی نۆڤێمبەر کۆتاییهات و دیسێمبەر بەبردنەوە دەستپێدەکەین."
 
لەبارەی سەرقاڵبوون لە کاتی یارییەکاندا راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەڵێت "هەمیشە لە کاتی یارییەکاندا بە درێژایی 90 خولەک سەرقاڵم و هەندێکجار زیاتریش، پێمباشە تیپەکەم بە گۆڵی خاوێنەوە یارییەکان تەواو بکات، بەڵام لە یارییەکەدا ئەوە رووینەدا، هەروەوها لەگەڵ هێرشەکان کاردانەوەم هەیە و لەگەڵ هەموو رووداوەکانی یارییەکە دەژیم، بەڵام لە کۆتایی 90 خولەکەکەدا بە خۆمم دەگوت باشە، 3 خولەک ماوە و ئەو کاتە ئارام بوومەوە."
 
پرسیاری گرنگی گەڕانەوەی لامین یامال لە هانز کرا و ئەو لە وەڵامدا گوتی "لامین هەمیشە گرنگە بۆ تیپەکە، بەهۆی ئەو کوالێتییە بەرزەی ئەو خاوەنیەتی، بە دڵنیاییەوە لە یارییەکەدا دەیتوانی گۆڵێک یان دوو گۆڵ بکات، لە کۆتاییدا توانیی لێدانی سزامان بۆ بەدەستبهێنێت، بڕینی باشی هەبوو و ئاستیشی کرد، ئەمەش گرنگە، بەڵێ پێویستیمان بە کوالێتی ئەو هەیە، دەبێت بڵێم یارییەکی زۆرباشی کرد."