هالاند سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاند، یاریزانی نەرویجی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئەگەری هەیە سزابدرێت.
لە یاریی لووتکەی گەڕی 14ـی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد میوانداری تۆتێنهامی کرد و یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بۆ هەردوو یانە کۆتایی هات.
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا، مانچێستەر سیتی هێرشێك دەبات و تۆپ دەچێتە لای هالاند، لەو کاتەشدا ئێمێرسۆن رۆیال، بەرگریکاری یانەی تۆتێنهام لە هالاند دەدات و بەریدەداتەوە، بەڵام هالاند بە خێرایی هەڵدەستێتەوە و تۆپێك بۆ جاك گریڵشی هاوڕێی دەنێرێت و یاریزانەکە بەتەنیا بەرامبەر گۆڵی تۆتێنهام دەمێنێتەوە، بەڵام لەو ساتەدا ناوبژیوان فیکە لێدەدات و بۆ فاوڵەکەی هالاند دەگەڕێتەوە و یارییەکە رادەگرێت.
هالاند زۆر بە توڕەییەوە بەرەو ڕووی سایمن هوپەری ناوبژیوان دەڕوات ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە هالاند لە پەڕەی فەرمی خۆی لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت "ئەمە چ نەفرەتییەکە".
هالاند لە یارییەکەدا کارتی زەردی بەڕوودا بەرزکرایەوە کاتێك ناڕەزایەتی بەرامبەر رووداوەکە دەربڕی، بەڵام پێدەچێت رووبەڕووی سزای توندتر ببێتەوە ئەگەر یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا پۆستەکەی سۆشیاڵ میدیای بە شکاندنی یاسای E3.1 لە قەڵەمبدات کە پەیوەستە بە بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا.
لە ماوەی رابردوودا میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ بەهۆی شکاندنی هەمان یاساوە سزادرا کاتێك بە تووندی ناڕەزایەتی دژی بڕیارەکانی ناوبژیوانی یاری نێوان نیوکاسڵ و ئارسیناڵ دەربڕی، وەرزی رابردووش تۆماس تۆخێڵ، راهێنەری ئەو کاتی یانەی چێڵسی بە هەمان هۆکار بە بڕی 20 هەزار پاوەند سزادرا.