پاڵەوانی بەریتانیایە و بێزارە

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆنی ئۆ سەڵیڤن، یاریزانی بەریتانی و ئەفسانەی یاری سنوکەر توانی بۆ هەشتەمین جار نازناوی شانشینی بەریتانیا بۆ یاری سنوکەر بباتەوە، بەڵام دەڵێت "من ئێستا زۆر بەپەرۆش نیم و و چێژ نابینم".
 
لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی شانشینی بەریتانیا بۆ یاری سنوکەر، رۆنی ئۆ سەڵیڤنی بەریتانی رووبەڕووی دینگ جونهوی چینی بووەوە، ئەفسانە بەریتانییەکە توانی یارییەکە بە ئەنجامی 10-7 لە رکابەرەکەی بباتەوە و بۆ هەشتەمین جار نازناوەکە بەدەستبهێنێت و درێژە بە ریکۆردە مێژووییەکەی خۆی بدات، کە پێشتریش بە حەوت بردنەوە ریکۆردی زۆرترین بردنەوەی ئەم نازناوە هەر بە ناوی سەڵیڤنەوە بوو.
 
سەڵیڤن کە رۆژی 5ـی مانگی 12ی ئەمساڵ تەمەنی دەبێتە 48 ساڵ، بەم بردنەوەیە بووە بەتەمەنترین یاریزان بتوانێت ئەم پاڵەوانێتییە بەدەستبهێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر خۆی گەنجترین یاریزانە پاڵەوانێتییەکەی بردبێتەوە کاتێك لە ساڵی 1993 بەتەمەنی 17 ساڵی توانی بۆ یەکەمین جار نازناوەکە بەدەستبهێنێت. 
 
دوای یارییەکە سەڵیڤن باس لەوە دەکات کە یاری سنوکەر چیدیکە وەك پێشتر دڵخۆشی ناکات و دەڵێت "بەراورد بە رابردوو، من ئێستا زۆر بەپەرۆش نیم و چێژ نابینم. بەدڵنیاییەوە کاتێك یاری دەکەم دەمەوێت ببەمەوە و تەواوی هەوڵی خۆم دەدەم، بەڵام ئەو هەستەی رابردووم نەماوە کە بۆ یەکەمین جار بوومە پاڵەوانی جیهان و شانشینی بەریتانیا".
 
ئەفسانە بەریتانییەکە زیاتر دەڵێت "بێ گومان هێشتا هەستێکی خۆشم هەیە کە بوومەتە پاڵەوان، بەڵام ئەوەی راستی بێت من زیاتر بەپەرۆشم بۆ ئەوەی بەیانیان رابکەم و نانی بەیانی لەگەڵ هاوڕێکەم بخۆم". 
 
رۆنی ئۆ سەڵیڤن، ساڵی 1992 بووە یاریزانی پیشەگەری سنوکەر و توانی ببێتە گەنجترین یاریزان کە پاڵەوانێتی شانشینی بەریتانیا بۆ یاری سنوکەر و پاڵەوانێتی ماستەرز بباتەوە و بە یەكێك لە باشترین یاریزانەکانی مێژوویی یارییەکە دادەنرێت.