ڤیدیۆ؛ سوارێز بە تۆمارکردنی گۆڵێکی جوان ماڵئاوایی لە گرێمیۆ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لویس سوارێز، ئەستێرە و گۆڵکاری بەنێوبانگی ئۆرۆگوایی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە تۆمارکردنی گۆڵێکی سەرنجڕاکێش سەرکردایەتیی یانەی گرێمیۆی کرد بۆ بردنەوە لە ڤاسکۆ دێگاما.
 
لە رکابەرییەکانی خولی بەرازیلدا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە، یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی گرێمیۆ کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 46 سوارێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد، ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 15 گۆڵ و سێیەم گۆڵکاری ئەم وەرزەی رکابەرییەکانی خولی بەرازیل.
 
دوای یارییەکە لویس سوارێز، ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی گرێمیۆ کرد و لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی لەنێو یاریگەی یانەکە دەرکەوت، ئیدی گۆڵکارە ئۆرۆگواییەکە بووە یاریزانێکی ئازاد و هەمووان چاوەڕێی ئەوەن بزانن داهاتووی یاریزانەکە لە کام خول و یانە دەبێت.
 
لویزیتۆ لەبارەی داهاتووی خۆیەوە گوتی "هەست بە ئازار دەکەم، جەستەم لە شوێنی من قسەدەکات، دەمەوێت چێژ وەربگرم و دوای کارکردنێکی درێژخایەن بڕیاری خۆم بدەم."
 
هێرشبەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا زیاتر دەڵێت "دەمەوێت پشوو بدەم، چێژ لە کاتەکانم لەگەڵ ماڵباتەکەم وەربگرم، داهاتوو یەکلایدەکاتەوە داهاتووم لە کوێ دەبێت."
 
قسەکانی لویس سوارێز لەکاتێکدان، ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکە بە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکییەوە بەستراوەتەوە و بەئەگەری زۆرەوە لە وەرزی نوێدا ئەو یاریزانە دەگەڕێتەوە لای لیۆنێل مێسی هاوڕێی و جارێکی دیکە بەیەکەوە بۆ یەک یانە یاریی دەکەن، کە پێشتر لە بارسێلۆناش یارییانکردووە و پەیوەندییەکی بەهێزیان بەیەکەوە هەیە.

لویس سوارێز لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە یانەی ناسیۆنالی ئۆرۆگوای پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی گرێمیۆوە کرد، یاریزانەکە 53 یاریی بۆ یانە بەرازیلییەکە ئەنجامداوە و 27 گۆڵی بەدرێسی یانەکەوە تۆمارکردووە.