لیۆنێل مێسی پەسنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەفسانەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامی، باسی لە رکابەرییە مێژووییەکەی لەگەڵ ئەفسانەی پۆرتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبەری یانەی نەسڕی سعودیە کرد و پەسنی کریسی دا و گوتی "پێموایە من و رۆناڵدۆ شایەنی ستایشی زۆرین".
لیۆنێل مێسی، رۆژی دووشەممەی رابردوو بۆ جاری هەشتەم خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، پلەی دووەمی بەدەستهێنا، دواتر کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و ئەستێرەی پاریس سانجێرمان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
سەبارەت بە کێبڕکێکانی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە هەڤپەیڤینیکدا لەگەڵ رۆژنامەی L’Equipeـی فەرەنسی، پەسنی رۆناڵدۆی دا و گوتی "جەنگێکی وەرزشی زۆر باش لە نێوان من و رۆناڵدۆدا هەبوو، بەو رکابەرییە خۆراکمان بە یەکدی دەدا، چونکە هەردووکمان رۆحێکی بەرزی رکابەریمان هەبوو".
لیۆ لە درێژەی قسەکانیدا، سەبارەت بە دۆن رۆناڵدۆ، گوتی "پێموایە من و رۆناڵدۆ شایەنی ستایشی زۆرین، چونکە سەرکەوتوو بووین لە مانەوە لە لووتکە بۆ ماوەیەکی زۆر. زۆر ئەستەمە بۆ ماوەی 10 یان 15 ساڵ لە لووتکەدا بمێنیتەوە. قۆناخێکی نایاب بوو، و پێموایە وەک یادگاریەکی باش دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە هاندەرمان بوون".
ئەستێرەی ئەرجەنتینی و خاوەنی هەشت باڵۆن دۆر، زیاتر دەڵێت "هەمیشە ویستوومە هەموو شتێک ببەمەوە، هەموو کاتێک، قۆناخێکی زۆر نایاب بوو بۆ هەریەکەمان، بۆ هەموو هاندەرانی تۆپی پێش".