ئەمڕۆ دێربیی بادینانە و چاوەکان لە دهۆک دەبن
رووداو دیجیتاڵ
بۆ ئێوارەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێش بۆ تۆمارکردنی مێژووییەکی دیکە لە ئامادەبوونی هاندەراندا و پێشاندانەوەی دیمەنێکی دیکەی جوان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، چاوەکان لە دهۆک دەبن.
ئەم ئێوارەیە یاریگەی دهۆک پڕ دەبێت لە رەنگی زەرد و شینی دهۆکییەکان و سوور سپی زاخۆییەکان، هاوارکردن بۆ ناوی هەردوو یانە ئاوێتەی یەکدی دەبن، ئیدی ئەمە دێربیی بادینانە و سەرنجەکانی عێراق لە ئێوارەیەکی پاییزدا دەباتە دهۆک و هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی عێراق بەڕێوەدەچێت، کاژێر 19:00 یارییەکە دەستپێدەکات، دهۆکی و زاخۆییەکان بە دوو ئامانجی جیاواز رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی ئەم یارییە سەرنجڕاکێش و پڕ رکابەرییە دەکەن، دهۆک خاوەنی دوو بردنەوەیە لە دوو گەڕدا و زاخۆ دۆڕانێک و یەکسانبوونێکی هەیە و هێشتا تامی بردنەوەی نەکردووە، دهۆک دەیەوێت پارێزگاری لە سەرەتا باشەکەی بکات و درێژە بە رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی ریزبەند بدات، زاخۆ دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی بهێنێت و یەکەم سێ خاڵی ئەم وەرزە لە دهۆکەوە بباتەوە پردی دەلال.
هەردوو یانە بەباشی خۆیان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و بردنەوەی سێ خاڵ بیرکردنەوەی راهێنەری هەردوو یانەی بەتەواوی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، سلێمان رەمەزان لە یارییەکەدا لە تواناکانی هیران ئەحمەد بێبەش دەبێت و چاوەڕواندەکرێت گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەیدا بکات.
لە بەرامبەردا تەڵاڵ بلووشی دەیەوێت متمانەی هاندەرانی یانەکە لەدەست نەدات، سەرەڕای ئەوەی هێشتا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو متمانەی بە تیپەکەی هەیە و پێی وایە دەتوانێت ئەنجامی باشی هەبێت، تەنیا هەندێک کاتی پێویستە.
دهۆک و زاخۆ لە دوایین دوو یاریی نێوانیاندا یارییەکانیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، گرەوی ئەم یارییە لە بەرژەوەندی کامیان کۆتاییدێت، ئەمشەو رکابەریی 90 خولەکی نێو یاریگە قەشەنگەکەی دهۆک وەڵامەکەی یەکلادەکاتەوە.