پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی کچانی عێراق بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی کچانی یانەکانی عێراق لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت، هەریەک لە یانەکانی هەولێر و هەندرێن نوێنەری هەرێمی کوردستانن لە پاڵەوانێتییەکەدا.
ئەم کێبرکێیە بەسەرپەرشتی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراقە و یارییەکانی دوو رۆژ بەردەوامدەبن، پێنج یانە بەشدارن کە بریتین لە یانەکانی هەولێر، هیندرێن، شورتە، حەسەنێن لەگەڵ ئافرەتانی دیالە.
ئاراس سەعید، سکرتێری یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی لقی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ چاوەڕێی رکابەرییەکی بەهێز دەکەین، لەبەرئەوەی یانەکان بەشێوەیەکی باش خۆیان ئامادەکردووە، بەڵام بەربژێری یەکەم بۆ بردنەوەی نازناوەکان دوو یانەکەی شاری هەولێرن، لەبەرئەوەی خاوەنی یاریزانی ئاستبەرز و بە ئەزموونن".
شارەزایان و راهێنەرانی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق چاودێری ئاستی یاریزانەکان دەکەن، بۆ دەستنیشانکردنی باشترینەکان بۆ ریزی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، کە بڕیارە بەشداری لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا بکەن.
سەعید زیاتر روونیکردەوە "کچە یاریزانانی کوردستان دەتوانن سێبەشی پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ خۆیان وەرگرن، لەبەرئەوەی لە رابردووشدا دیتمان کە ئەوان لە ریزی هەڵبژاردەکە بوون و دەیان میدالیای پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبیان لەملکرا".
ساڵی 2010 پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەمساڵ یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی لە هەوڵدایە میوانداری هەمان پاڵەوانێتی لە شاری هەولێر بکات.