ڤیدیۆ؛ ئایاکس مێژووی تۆمارکرد و سپۆرتینگیش گڕی بەردایە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەم

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە یارییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بۆ یاریی دووەم لەسەریەک تووشی شکستبوو بەرامبەر بە یانەی ئایاکسی هۆڵەندی، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو 4-0 دۆڕابوو، ئەم یارییەشی 3-1 دۆڕاند.
 
هۆڵەندییەکان بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا چوار یاریی سەرەتای قۆناخی کۆمەڵەکانیان بردەوە، بە پلەی یەکەم گەیشتنە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، شانبەشانی یانەکانی لیڤەرپوول، بایرن میونشن و یوڤێنتوس.
 
ئایاکس لە نیوەی یەکەمدا نەیتوانی سوود لە کرانەدەرەوەی ماتس هۆمێڵسی بەرگریکەری دۆرتموند وەربگرێت و بەگۆڵێک دواکەوت، کە مارکۆ رۆیس بە لێدانی سزا تۆماریکرد، لە  نیوەی دووەمدا لە خولەکەکانی 72 تا 90 سێ گۆڵ لەلایەن کوڕانی تینهاخەوە بۆ ئایاکس تۆمارکران، یەکەمیان دوشان تادیچ، دووەمیش سێباستیان هالەر و گۆڵی سێیەمیش لەلایەن دایڤی کلاسنەوە کرا.

 

 
هەر لەم کۆمەڵەیەدا یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنای پۆرتوگالی بردنەوەیەکی گەورەی بەسەر یانەی بێشکیتاشی تورکیدا تۆمارکرد و 4-0 لێیبردەوە.
 
پێدرۆ گۆنچالڤێز دوو گۆڵ و پاولینیۆ و پابلۆ سارابیا دوو گۆڵەکەی دیکەیان سپۆرتینگیان هێنا.
 
ئێستا یانەی ئایاکس پلەی یەکەمی مسۆگەرکردووە بە 12 خاڵ، دۆرتموند دووەمە بە 6 خاڵ، سپۆرتینگیش 6 خاڵی هەیە و سێیەمە، یانەی بێشکتاشیش یەکێکە لە خراپترینەکانی ئەم وەرزە و هیچ خاڵێکی نییە.