هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق بە دوو یاریزانی کوردەوە لە رۆژئاوای ئاسیا رکابەری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یارییەکانی پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ خوار 23 ساڵ بە یاری هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی فەڵەستین لە وڵاتی سعودیە دەستپێدەکات.
یارییەکە کاژێر 15:30 لە نێو یاریگەی ئەمیر محەممەی کوڕی فەهد لە شاری دەمام بەڕێوەدەچێت، عێراق بە هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی بەشداری کێبڕکێکەی کردووە و بەسەرکردایەتی میرۆسلاڤ سکۆپی راهێنەری سلۆڤاکی چاوی لە نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە، لەبەرئەوەی دەمێکە تیپەکە ئامادەکاری بۆ یارییەکانی رۆژئاوای ئاسیا دەکات.
فیراس بەحرلعلوم، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند " تیپەکەمان لە بارودۆخێکی زۆر باشدایە و چاومان لە ئەنجامێکی باشە، بردنەوەی یاریی یەکەم هاندەرە بۆ ئەوەی رکابەری بکەین لەسەر نازناوی رۆژئاوای ئاسیا ".
ئەحمەد سەرتیپ یاریزانی یانەی زەورا و عیماد عیسای گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ دوو یاریزانی کوردن لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق، وا چاوەڕواندەکرێت وەک یاریزانی سەرەکی لەم پاڵەوانێتییەدا پشتیان پێدەبەسترێت.
ئەحمەد سەرتیپ، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی " مۆڕاڵمان بۆ یارییەکە زۆر بەرزە و دەمانەوێت یەکەم سەرکەوتن بنووسینەوە".
هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق لە 2004 گەیشتە قۆناخی چوارگۆشەی زێرینی ئۆڵیمپیادی ئەسینا، میدالیای بڕۆنز و پلەی سێیەمی یارییەکانی ئاسیای 2006ی بەدەستهێناوە، نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای خوار 22 ساڵی لە 2014 بردووەتەوە، بەشداری یارییەکانی ئۆڵیمپیادی 2016ی ریۆی کردووە.
هەر ئەمڕۆ لە یارییەکانی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن :
ئوردن – عومان
ئیمارات –لوبنان
یەمەن – کوێت
بەحرەین – سوریا