راهێنەری ئەڵمانیا لە نێوان نۆیەر و شتیگن بڕیاریدا

رووداو-هەولێر

یواکیم لوفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا رایگەیاند، مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشن بژاردەی یەکەمی ئەو دەبێت بۆ یارییەکانی یۆرۆی ٢٠٢٠.

لوف دوای ئەوەی پێکهاتەی هەڵبژاردەی مانشفتی راگەیاند، لە لێدوانیکیدا باسی لە چارەنووسی هەردوو گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەی مانوێل نۆیەر و تێرشتیگن کرد و رایگەیاند هەوڵ دەدات هاوئاهنگییەکی باش لە نێوانیان دروستبکات.

یواکیم لوف گوتی: من چەندینجار پێشتر رامگەیاندووە کە نۆیەر کاپتنی هەڵبژاردەکەمانە و بژاردەی یەکەمی ئێمە دەمێنێتەوە و لە یۆرۆی ٢٠٢٠ پشت بەو دەبەستین.

" من قسەم لەگەڵ ئاندریاس کۆپکای راهێنەری گۆڵپارێزان کردووە و بە هەردوو گۆڵپارێزەکەشمان گوتووە، لە یاری داهاتوومان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین مارک ئاندرێ تێرشتیگن گۆڵپارێزی سەرەکی دەبێت، بەڵام لە یاری دوای ئەو لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی ٢٠٢٠ بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئیستۆنیا مانوێڵ نۆیەر بەشێوەی سەرەکی یاریدەکات" ئەمە قسەی یواکیم لوف بوو.

لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی گەورە لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئەوەبوو کە لە نێوان نۆیەر  و شتیگن کامیان بەشێوەی سەرەکی یاری دەکەن؟ ئایا شتیگن شوێن بە نۆیەر چۆڵ دەکات؟ ساردییەکی زۆریش لە پەیوەندی نێوان ئەو دوو گۆڵپارێزە هەبوو، تەنانەت ئۆلی هۆنیسی سەرۆکی بایرن میونشن هەڕەشەی ئەوەیکرد کە ئەگەر بێت و نۆیەر لە گۆڵپارێزیی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووربخرێتەوە، ئەوا هیچ یاریزانێک لە یانەی بایرن میونشن نانێرن بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.

ناسیۆنال مانشافت لە رۆژی چوارشەممە یارییەکی دۆستانە بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئەنجامدەدات، بەڵام مێسی بەهۆی راگیرانەوە لەو یارییەدا ئامادەنابێت، دواتر لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی ٢٠٢٠ لە شاری تالن یاری بەرامبەر بە ئیستۆنیا دەکات.

پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ یارییە دۆستانەکە و پاڵاوتنی یۆرۆ:-