پیکێ: هەڵبژاردەی ئیسپانیا ماڵی دووەمی منە و بەردەوام دەبم



رووداو - هەولێر

جیرارد پیکێ، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی لەبارەی یاریی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەلبانیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2018 ئەنجامدا و باسی چەند پرسێکی تایبەت بە خۆی کرد.

پیکێ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بەگرنگییەوە لەسەر ئەو رووداوانە وەستا کە بەهۆی گشتپرسیی هەرێمی کەتەلۆنیا هاتنە پێش و دژایەتیی یاریزانەکەش کرا لەلایەن هاندەرانەوە و گوتی، من لە 15 ساڵییەوە لەگەڵ هەڵبژاردەکەدام و بەردەوام دەبم، هەروەها گوتیشی هەڵبژاردەی ئیسپانیا ماڵی دووەمی منە و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵ هەڵبژاردەکە بووم و هەمیشە دەمەوێت باشترین ئاست لەگەڵ هەڵبژاردەکە پێشکەش بکەم.

پیکێ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە بارەی پەیوەندی خۆی و سێرخیۆ رامۆس گوتی، پەیوەندییەکی زۆر باش و پیشەگەرانەمان هەیە و هیچ کێشەیەک لەنێوانماندا نییە، هەروەها ئەوەشی ئاشکراکرد کە بەمزووانە پێکەوە لە پڕۆژەیەکی بازرگانیدا کاردەکەن.

لەبارەی وازهێنانیشی لە یاریی نێودەوڵەتی بەرگریکەرەکەی بارسێلۆنا گوتی، واز لە یارییکردنی نێودەوڵەتی ناهێنم و دەمەوێت دەرفەتی زیاترم هەبێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هەڵبژاردەکەم بکەم و دەمەوێت تاوەکو دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی رووسیاش لەگەڵ ئیسپانیا بەردەوام بم، هەرگیز بیریشم لەوە نەکردووەتەوە لە هەڵبژاردەکە بچمە دەرەوە.