یۆرگن کلۆپ دەبێتەوە راهێنەری بۆرووسیا دۆرتموند



رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کلۆپ، راهێنەری ئەڵمانی، رۆژی 7/9 لە یارییەکی تایبەتی دۆستانەدا دەگەڕێتەوە یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و راهێنەری تیپی ئەفسانەکانی یانەکە دەکات.
 
کلۆپ، لە کۆتایی وەرزی رابردوودا وازهێنانی خۆی لە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوول راگەیاند، هەندێک سەرچاوە ئەوەیان خستەڕوو کە ئەو راهێنەرە لە تەمەنی 57 ساڵیدا بڕیاریداوە بە شێوەیەکی یەکجارەکی واز لە پیشەی راهێنەرایەتی بهێنێت، بەڵام دواتر خۆی ئەوەی روونکردەوە کە وازهێنانەکەی کاتییە و دەکرێت بگەڕێتەوە ئەگەر دەرفەتێکی گونجاو هەبێت.
 
رۆژی شەممەی داهاتوو،وەک رێزلێنان لە دوو ئەفسانەی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند کە وازهێنانی خۆیان لە یاریکردن رادەگەیەنن، یانەکە یارییەکی دۆستانە رێکدەخات و کۆمەڵێک ئەفسانە و ئەستێرەی پێشووی یانەکە بانگێشت دەکات.
 
هەردوو ئەستێرەی پۆڵەندی، لوکاس پیزجێک و یاکوب بلاچیکۆڤسکی، ئەم وەرزە وازهێنانی خۆیان لە یاریکردن راگەیاندووە، یانەکە ئەم یارییەی وەک رێزلێنان لە کاروانی وەرزشی ئەو دوو ئەفسانەیە رێکخستوو
 
تیپی یەکەم بە ناوی یاکوب بلاچیکۆڤسکییەوە دەبێت و ئەو تیپە دەبێت کە یۆرگن کلۆپ راهێنەری دەکات، تیپی دووەم بە ناوی لوکاس پیزجێکەوە دەبێت و لەلایەن پیتەر کراڤیتزەوە راهێنەری دەکرێت.
 
 گرنگترین ئەو ئەستێرانەی لە یارییەکە بەشدار دەبن 'نوری شاهین، سۆکراتیس، شمیلزەر، سمۆلاریک، موحەمەد زێدان، سوبۆتیچ، ڤاندیلفیلەر و سیباستیان کێل'ن.
 
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند دوو جار نازناوی بۆندسلیگای لە ژێر سەرکردایەتی کلۆپ بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەو راهێنەرە توانی بگاتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2013.