بڕیاری کۆتایی درا و یارییەکانی قوە جەوییە لە هەولێر دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاش بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە داوە.
 
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆ و هەواڵی زۆر لەبارەی ئەگەری گۆڕینی یاریگەی یانەی قوە جەوییەی عێراقی بڵاوکرانەوە کە یارییەکانی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بڕیارییدا هیچ گۆڕانکارییەک لە یاریگەی یانەکەدا نەکرێت و یارییەکانی قوە جەوییە لە هەولێر ئەنجامبدرێن.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەفەرمی و لە رێگەی نووسراوێکەوە یاریگەی فرانسۆ هەریریی پەسەندکردووە، چەند رۆژی داهاتوو یانەی قوە جەوییە بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان روودەکاتە هەولێر و خۆی بۆ یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا ئامادەدەکات.
 
یەکەم یاریی قوە جەوییە لە 18ـی ئەم مانگە لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی دەبێت، پاشان لە 2ـی مانگی 10 یانەکە لە ئوزبەکستان بەرامبەر یانەی ئاجمەک یارییدەکات، دوای ئەوەش دەچێتە جەددە و بەرامبەر یانەی ئیتیحاد سعودی یارییدەکات.
 
یارییە گرنگەکەی قوە جەوییە بەرامبەر یانەی ئیتیحاد لە گەڕی چوارەم دەبێت، کاتێک رۆژی 6-11-2023 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری رووبەڕووی یەکدەبنەوە و چاوەڕواندەکرێت کەریم بنزیما و ئەستێرەکانی دیکەی یانە سعودییەکە بێنە هەولێر و بەرامبەر یانە عێراقییەکە یاریی بکەن.
 
رۆژی 27-11 یانەی قوە جەوییە دەچێتە ئێران و بەرامبەر یانەی سپاهان یاریی گەڕانەوە ئەنجامدەدات، دوایین یارییشی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەرامبەر یانەی ئاجمەک لە رۆژی 4-12-2023 دەبێت کاتێک لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکان رووبەڕووی یەکدەبنەوە.