ژمارەیەک گۆڕانکاری لە وەرزی نوێی خولی عێراق روودەدەن
لێژنەی پێشبڕکێکانی خولی عێراق، رێگەی بە یانە بەشداربووەکانی خولی نایابی عێراق دا کە دەتوانن گرێبەست لەگەڵ 6 یاریزانی پیشەگەر واژۆ بکەن، بەڵام بەومەرجەی لەو 6 یاریزانە پیشەگەرە، دەبێ 5 یاریزان لەنێو یاریگەدابێت و یەکێکیان یەدەگ بێت.
دکتۆر حەیدەر عوفی سەرۆکی پێشبڕکێکانی تۆپی پێی عێراق بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند: "لێژنەکەمان ئەو دەرفەتەی بە یانەکانی خولی نایابی عێراق داوە کە دەتوانن، گرێبەست لەگەڵ 6 یاریزان واژۆ بکەن، بەومەرجەی 5یان لە پێکهاتەی سەرەکیدابێت، بۆ ئەوەی قەرەبووی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق بکەنەوە کە لە ریزی یانە نایابەکانی عێراق یاریی دەکەن و پەیوەندی بە کەمپی راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەمانەوە دەکەن".
هەروەها سەرۆکی پێشبڕکێکان ئەوەشی گوت: "لێژنەکەمان بڕیاریداوە، نابێت یارییەکانی خولی نایابی عیراق، بەهیچ شێوەیەک دوابخرێت، بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراقەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیارمانداوە یانەکان لە وەرزی داهاتوودا دەتوانن ناوی 40 یاریزان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی هیچ کاتێک یانەکان گرفتی کەمی یاریزانیان بۆ دروست نەبێت، کاتێک ژمارەیەک یاریزانیان بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێن".
هەروەها گوتیشی: "ئەم بڕیارە هێندە ئاسانکاری بۆ یانە بەشدارەبووەکانی خولەکە دەکات، تاوەکو هیچ بیانوویەکیان نەبێت، بۆ بەردەوامی یارییەکانی خولی عیراق، کاتێک چەند یاریزانێکیان پەیوەندی بە کەمپی راهێنانەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە دەکەن".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "وادەی دەستپێکردنی خولی نایابی عێراق لە 20ی ئەم مانگە دەبێت، پێنجشەممە، یان هەینی داهاتوو تیروپشکی یارییەکانیش ئەنجام دەدرێن".
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی لێژنەی پێشبڕکێکان ئاماژەی بەوە کرد: "بڕیاری دابەزاندنی یانەکان لەنێوان 2 بۆ 4 یانە، بڕیارێکە دەبێت، لێگەڕێین بۆ فیدراسیۆنی نوێی تۆپی پێی عێراق کە بڕیارە لە 14ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردەن ئەنجام بدرێت. ئەوان ئەوە یەکلایی بکەنەوە، داخۆ لە وەرزی داهاتوو چەند یانە بۆ خولی پلەیە دادەبەزێت".