یاریزانێکی کورد لە پرێمەرلیگەوە چووە خولی فەرەنسا


رووداو دیجیتاڵ

نوور مستەفا، یاریزانی بە رەچەڵەک کورد و هەڵبژاردەی خانمانی سوێد، لە یانەی وێستهام یونایتدی ئینگلیزییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لو هاڤەری فەرەنسی کرد.

یانەی وێستهام لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی رۆیشتنی یاریزانە کوردەکەی بەشێوەی هەمیشەیی بۆ یانەی لو هاڤەری فەرەنسی راگەیاند.

وێستهام نووسیوویەتی "  هێرشبەرە 19 ساڵەکە بەشداریی لە 9 یاریی یانەی وێستهامدا کرد لە پرێمەرلیگدا، دوای ئەوەی لە هاوینی ساڵی 2020 لە یانەی ئیسکۆلستۆنا یونایتدەوە پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد.

بەپێی راگەیێندراوەکەی وێستهام، لو هاڤەر لە بەرزترین خولی تۆپی پێی خانمان لە فەرەنسا یارییدەکات، بۆ ئەو ماوەیەی کە لە یانەکەدا یارییکردووە وێستهام سوپاسی نۆر دەکات و نووسیوویەتی " هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین لە کاروانی یارییکردندا لە داهاتوودا ".

لەلایەن خۆیەوە یانەی لو هاڤەر هەواڵی گواستنەوەی یاریزانەکەی پشتراستکردەوە و بەخێرهاتنی نۆر مستەفا بۆ یانەکەی دەکات.



نوور موستەفا، یاریزانێکی بە رەچەڵەک کوردە، لە ئاوارەیدا لە سوێد لە دایکبووە و بۆ هەڵبژاردەی خوار 19 ساڵی خانمانی سوێد یارییدەکات و یەکێک لە یاریزانە ئاستبەرزەکانە لەسەر ئاستی وڵاتەکە، ئەو بە زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ سەرسامە و پێشتر گوتبووی " ئیلهامی لە زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ وەرگرتووە و هیواخوازە کاریگەرییەکی هاوشێوەی ئەوی لە سەر تۆپی پێی خانمان هەبێت و لەو پێناوەشدا تێدەکۆشێت ".

خانمە کوردەکە هێندە شەیدای تۆپی پێیە، بەسەر هەموو بەربەستەکان زاڵبووە، ئەو دەڵێت " کوڕەکانی سەر شەقام پێمدەڵێن، من کچم و دەبێت لە ماڵەوە کاربکەم، بەڵام ئەوە خۆشەویستی منە بۆ تۆپی پێ لەو کاتەوەی لە دایکبووم، بۆیە کاتێک تەنانەت بۆ شیر کڕینیش دەچمە مارکێت تۆپەکە لە نێو قاچەکانمە و یاریی پێدەکەم ".

نوور مستەفا پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی گوتی " لە سوێد لەنێو کۆچبەران لە دایکبووم، شانازی بە خانەوادەکەمەوە دەکەم و هەرگیز ئەوە لە بیر ناکەم کە دایک و باوکم لە کوێ هاتوون و چۆن ئەزموونی شەڕکردنیان بۆ ژیان تێپەڕاندووە، بۆ ئەوەی بگەم بە ئەمڕۆ، کاتێکیش گەورە بووم پەیوەندیم بە رێکخراوێکی خێرخوازییەوە کرد کە هاوکاریی یاریزانەکانی دەکرد ".



نوور باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەکات و دەڵێت " من تاکە کچ بووم لەگەڵ کوڕان لەنێو شەقام و پارکەکاندا یارییم دەکرد، هێندە تێکەڵیم لەگەڵ کوڕان هەبوو وەک ئەوانم لێهاتبوو، زۆرن ئەوانەی کە نایانەوێت من یاری بکەم، تەنانەت لە ئەندامانی خێزانەکەشم چەند کەسێک ئەو بیرۆکەیان هەبوو، بەڵام ئەوە حەزێکی منداڵیمە و تۆپی پێم زۆر خۆشدەوێت ".

هێرشبەرە کوردە سوێدییەکە باسی بەربەستەکانی چوونە نێو یاریی تۆپی پێ دەکات و دەڵێت " لە سەرەتای یارییکردنمدا لە کۆڵان و شەقامەکاندا رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە، تەنانەت بەهۆی رەنگی رووخسارییەوە تووشی کێشە بووە، بەڵام ئەو هەر وازی نەهێناوە و بەهۆی ئەو ئاستەی هەیبوو بووە جێگەی سەرنج، تاوەکو بانگهێشتی ئەکادیمیای یانەی ئیسکۆلستۆنا یونایتد کرا، پاشان بۆ ئاستی لاوان سەرخرا و لەوێشەوە بووە یاریزانێکی دیار و پیشەگەر ".