بۆکسێنەرە مشتومڕهێنە جەزائیرییەکە هاندەری گەورەیەکی ئیسپانیایە


رووداو دیجیتاڵ

ئیمان خلیف، بۆکسێنەری مشتومڕهەڵگری جەزائیری کە بەهۆی بەشداریکردن و درەوشانەوەی لە ئۆڵیمپیادی پاریس 2024 بووەتە جێگەی سەرنج، خاوەنی مێژوویەکی سەرنجڕاکێشە و پێشتر یاریزانی تۆپی پێ بووە.
 
ئیمان بەشداریی لە بۆکسێنی خانمانی خوار کێشی 66 کیلۆگرام کردووە و گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی و بەدەستهێنانی میدالیایەکی ئۆڵیمپیادەکەی مسۆگەرکردووە.
 
گومان بەهۆی رووخسار و هێزی زۆرییەوە لە کاتی بۆکسێندا، مشتومڕی زۆری دروستکرد، بەتایبەت کە ئاشکراکرا، لە پشکنینی رەگەزدا کە لیژنەی نێودەوڵەتیی بۆکسێن ساڵی رابردوو بۆئەویان ئەنجامداوە، دەرکەوتووە ئیمان هۆڕمۆنی پیاوانە لە لەشیدا زیاترە.
 
ئەگەرچی ئیمان رەزامەنی لیژنەی ئۆڵیمپیی نێودەوڵەتی بۆ بۆکسێن بەدەستهێناوە تاوەکو وەک ئافرەتێک بەشداری لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا بکات، بەڵام رووبەڕووی رەخنەی زۆر و هەڵمەتی گومانکردن لە رەگەزی بووەوە.
 
چیرۆکە مشتومڕهەڵگرەکەی ئیمان تاوەکو ئێستا بەردەوامە، ئەو کە تەمەنی 25 ساڵە، لە گوندێکی ویلایەتی تیارتی جەزائیر گەورە بووە و هەرلەوێش سەرەتا لە رێگەی تۆپی پێوە تێکەڵ بەدونیای وەرزش بووە.
 
ئیمان لە تۆپی پێدا، رووبەڕووی گاڵتەپێکردن و ئازاردانی  کوڕەکانی گوندەکەی بووەتەوە، هەر بۆیە روویکردووەتە دونیای بۆکسێن تاوەکو بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
 
ئیمان وەک میدیای جەزائیر دەڵێن، تۆپی پێی لە دڵیدا هەڵگرتووە، هەربۆیە وێنەی هەیە لە کاتی مەشقکردندا درێسی ریال مەدریدی پۆشیووە.
 
ئیمان خلیف، لە ماڵباتێکی مام ناوەند پێگەیشتووە، باوکی وەستای چاککردنەوەی کەلوپەلی کارەبایی بووە، ئەمیش ماوەیەک هاوکاریی باوکی کردووە لە کارەکەیدا. دایکی شیرینی دروستکردووە و لە گوندەکەدا فرۆشتوویەتییەوە.
 
ئەو دەڵێ، لەسەرەتای دەستکردن بەبۆکسێندا رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر بوومەوە، دەبوو رۆژانە ماوەی دە کیلۆمەتر ببڕم بۆئەوەی بگەمە نزیکترین سەنتەری مەشقی بۆکسێن، لە کاتێکدا تەمەنم تەنیا 16 ساڵ بوو.
 
ئیمان هەرزوو لە بۆکسێندا گەشەیکردووە، ساڵی 2018، پاش چەندین سەرکەوتن لەسەرئاستی نێوخۆی جەزائیر، بەشداری لە پاڵەوانێتیی بۆکسێنی خانمان، لەسەرئاستی جیهان کردووە.
 
لەو پاڵەوانێتییەدا پلەی 17ی بەدەستهێناوە و لە قۆناخی یەکەم کراوەتە دەرەوە، پاشان لە ئۆڵیمپیادی تۆکۆی 2020 بەشدارییکردووە و لە چارەکی کۆتاییدا دەرکراوە.
 
ئیمان خلێف، ساڵی 2022 بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهان بۆ بۆکسێن کردووە، پلەی دووەمی بەدەستهێنا و بەتایبەت لەلایەن ریاز محرزی یاریزانی پێشووی مانچێستەر سیتی ئینگلیزییەوە پیرۆزبایی لێکرا.
 
شۆکە گەورەکە لە ژیانی ئیماندا، ساڵی رابردوو روویدا، کاتێک لە یارییکردن لە پاڵەوانێتیی جیهان دوورخرایەوە، لەبەرئەوەی کرۆمۆسۆمی (XY) پیاوانە لە لەشیدا زاڵبوو و بەئافرەت ئەژمار نەکرا.
 
لە رکابەرییەکانی بۆکسێنی ئافرەتاندا، مشتومڕەکە جارێکی دیکە لەسەر ئیمان سەریهەڵدایەوە، کاتێک لە یارییەکدا دوای تەنیا 46 چرکە، شکستی بە ئانجێلا کارینی ئیتاڵی هێنا و ئەو بۆکسێنەرە دواتر گوتی، بۆکسێکی زۆر بەهێزی بەرکەتووە، کە هەرگیز هی دەستی کچان نەبووە.
 
ئەو رووداوە، هێرشی تووندی بۆسەر ئیمان بەدواداهات، گومان لە ژن بوونی ئەوکرا، تەنانەت جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا هێرشیکردە سەری.
 
ئانجێلا کارینی، دواتر بەفەرمی داوای لێبوردنی لە ئیمان کرد. ئەویش بەردەوامبوو لە کاروانەکەی خۆی لە ئۆڵیمپیادی پاریس، بەتایبەت کە لیژنەی ئۆڵیمپیی نێودەوڵەتی رەخنەکانی سەر ئەو بۆکسێنەرەیان رەتکردەوە و دووپاتیانکردەوە کە ئەو ژنە.
 
ئیمان لە دوایین یاریی خۆیدا لە لوکا هامۆری، بۆکسێنەری هەنگاریی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی بۆکسێنی خانمان لە ئۆڵیمپیادی پاریس.