ئەرجەنتین بە سەرکردایەتی مێسی گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی کۆپا ئەمریکا

رووداو دیجیتال

لیۆنێل مێسی، وەک هەمیشە یارییەکی مێژوویی ئەنجامدا و سەکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردەی ئیکوادۆر و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی کۆپا ئەمریکا.

لە دوایین یاریی قۆناخی هەشتی کۆپا ئەمریکادا، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیکوادۆر لەسەر یاریگەی مانێ گارینچا لە ریو دی جانیرۆ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و کوڕانی تانگۆ بە رابەرایەتی لیۆنێل میسی 3 - 0 سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و بلیتێکی قۆناخی پێشکۆتاییان وەرگرت و خۆیشی بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.

یارییەکە بە گوشاری ئەرجەنتینییەکان دەستیپێکرد، بەڵام نەیانتوانی هێڵی بەرگری ئیکوادۆر ببڕن، تاوەکو خولەکی 40 کاتێک دی پاول ئاسیستێکی جوانی لە مێسییەوە پێگەیشت و توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ ئەرجەنتین تۆماربکات و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی کوڕانی تانگۆ بە گۆڵێک کۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا، ئیکوادۆرییەکان زۆر بەهێز دەستیانپێکرد و چەندینجار هەڕەشەیان خستە سەر گۆڵی مارتینێزی گۆڵپارێزی تانگۆ، بەڵام نەیانتوانی تۆڕی ئەو گۆڵپارێزە باشە بهەژێنن تاوەکو لیۆ لە خولەکی 84ـدا ئاسیستێکی دیکەی بۆ لاوتارۆ مارتینێز کرد و گۆڵی دووەمی ئەرجەنتینی بەدەستهێنا.

مێسی بەوەندەش رانەوەستا و لە خولەکی 3ـی زیادکراودا، بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی سێیەمی بۆ ئەرجەنتین تۆمارکرد و خۆی و هاوڕێکانی بەشایستەیی گەیاندە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا دەبێتەوە، کە ئەویش بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە ئۆرۆگوای بردووەتەوە.

هەروەها یاریی دووەمی پێشکۆتاییش لە نێوان بەرازیل و پێرو دەبێت و براوەکانی ئەو دوو یارییە، رۆژی 11ـی ئەم مانگە لەسەر یاریگەی ماراکانای بەنێوبانگ یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2021 ئەنجام دەدەن.