ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە ئیندۆنیزیا بەردەوامن
رووداو هەولێر
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەنجامدانی یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 بەردەوامن.
هەڵبژاردەی عێراق دوو رۆژە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەشتی شاری جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیای کردووە، تیپەکە دوو یەکەی راهێنانی لەنێو یاریگەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیندۆنیزیا ئەنجامداوە، بڕیارە رۆژی 6ـی ئەم مانگە کاژێر 12ـی نیوەڕۆ یارییەکە لەنێو یاریگەی گیلۆرا بۆنگ کارنۆ بەڕێوەبچێت.
بۆ ئەم یارییە خیسۆس کاساس ئەم یاریزانانەی بانگهێشتی پێکهاتەی تیپەکەی کردووە:
گۆڵپارێز: جەلال حەسەن، حوسێن حەسەن، عەلی کازم و کەمیل سەعد.
هێڵی بەرگری: رێبین سولاقا، ئاکام هاشم، زەید تەحسین، سەعد ناتق، مەناف یونس، مستەفا سەعدون، حوسێن عەلی، ئەحمەد یەحیا و ئەحمەد مەکەنزی.
هێڵی ناوەڕاست: ئەمیر ئەلعەماری، ئوسامە رەشید، سەفا هادی، زیدان ئیقبال، بەشار رسن، محەممەد تائی، ئیبراهیم بایش، مارکۆ فەرەج، لوئەی عانی، یوسف ئەمین.
هێڵی هێرشبەر: عەلی جاسم، موهەند عەلی و ئەیمەن حوسێن.
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق 4 یاریزانی کورد هەن، بریتین لە یوسف ئەمین، ئوسامە رەشید، مارکۆ فەرەج لەگەڵ ئاکام هاشم.
محەممەد عیماد، بەرپرسی راگەیاندنی هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە بۆ بردنەوەیەکی دیکە و دڵخۆشی هاندەران یاریدەکەین، دەمانەوێت ریتمی تیپەکەمان هەموو کات سەرکەوتن و بەزاندنی رکابەرەکانمان بێت، لە دوو رۆژی راهێنانەکاندا کەشێکی جوان و خۆش دەبینم".
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی شەشەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 گەیشتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە، دوای ئەوەی بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ پلەی پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە.
عیماد، زیاتر روونیکردەوە "کاساسی راهێنەر لە رێگای کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریزانان باسی هەڵەکانی رابردووی کردووە و پلانی نوێشی بۆ باسکردوون، راددەی شێ لە شاری جاکارتا زۆر بەرزە و باران بارین هەیە، داوامان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیندۆنیزیا کردووە کە شوێنی راهێنانمان بگۆڕن".
هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق هیوایەکی گەورەیان بە خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەکەیان هەیە، لەبەرئەوەی نازناوی جامی کەنداوی 25ـی بردەوە و تاوەکو دێت ئاستی تیپەکەی بەرزدەبێتەوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژوودا تەنیا یەک بەشداری مۆندیالی هەیە، لە 1986 کاتێک عێراق بەشداری یارییەکانی مۆندیالی مەکسیکی کرد.