سانچۆ نایەوێت بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد

رووداو دیجیتاڵ
 
جەیدن سانچۆ، یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی کە ئێستا بە خواستن لە بۆرووسیا دۆرتموندە نایەوێت بگەڕێتەوە ئۆڵد ترافۆرد و دەیەوێت لە ئەڵمانیا بەردەوامبێت. 
 
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو کێشە و ناکۆکی کەوتە نێوانیان لەگەڵ ئێریک تێن هاگی راهێنەری مانچێستەر یونایتد، سانچۆ بەشێوەی خواستن گەڕایەوە بۆرووسیا دۆرتمووندی یانەی پێشووی. تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکەیدا بە دۆخێکی باشدا تێپەڕدەبێت و لە دوایین یارییشیاندا بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە یاریی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکرد و سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشا. 
 
بەپێی ماڵپەڕی سکای سپۆرتس، سانچۆ نایەوێت بەهیچ شێوەیەک بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد و دەیەوێت لە دۆرتموند بەردەوامبێت. یانە ئەڵمانییەکەش لە ئاستی یاریزانەکە رازین و دەیانەوێت لەگەڵیان بمێنێتەوە، بەڵام ئامادەنین راستەوخۆ گرێبەستی هەمیشەیی پێشکێش بکەن، بەڵکو دەیانەوێت ماوەی خواستنەکەی بۆ وەرزێکی دیکە درێژ بکەنەوە و دواتر گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.  
 
لەو کاتەوەی گەڕاوەتەوە دۆرتموند، سانچۆ توانیویەتی سێ گۆڵ و دوو ئاسیست بکات، لە یارییەکەشیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان ئاستێکی نموونەیی پێشکێش کرد و بووە یەکەمین یاریزانی ئینگلیزی کە بتوانێت لە یارییەکی چامپیۆنزلیگدا زیاتر لە 11 جار یاریزان ببڕێت.