یاریزانێکی فەرەنسی رووی ناشیرین و نامرۆڤانەی تۆپی پێ ئاشکرادەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

یاریزانێکی فەرەنسی، کە قاچی بڕاوە، دوای وازهێنانی لە یاریکردن، گلەیی لە بارودۆخی سەختی خۆی دەکات و دەڵێت "تۆپی پێ ژینگەیەکی نامرۆڤانەیە".
 
برۆنۆ رۆدریگێز، یاریزانی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمان، دوای ساڵ و نیوێک لە نەشتەرگەرییەکەی، کە تێیدا قاچی راستی بڕاوە، رووی ناشیرینی جیهانی تۆپی پێی ئاشکراکرد.
 
رۆدریگێز، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لو پاریسیانی فەرەنسی دووپاتیکردەوە کە بەدرێژایی ئەم ماوەیە هیچ پاڵپشتییەکی مەعنەوەی لەلایەن ئەو یانانەوە نەکراوە کە یاری بۆ کردوون، تەنانەت یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنساش. هەروەها هۆشداری دایە یاریزانان لە بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن و دەرزی لێدان.
 
گوتیشی "هیچ کەسێک پەیوەندیی پێوە نەکردووم، تەنانەت بە تەلەفۆنیش، نە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا و نە لە دەستەی خولەکەوە، بەڵام ئەوە بەلامەوە سەیر نییە، چونکە ژینگەی تۆپی پێ نامرۆڤانەیە، راشکاوانە بڵێم چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر لەو یاریزانانە دەناسم کە هێشتا دوو قاچیان هەیە، بەڵام بەردەوام ئازاریان هەیە.
 
برۆنۆ رۆدریگێز، دووپاتیکردەوە "تەنیا پاریس سانجێرمان لە کاتی پرۆسەی چاکبوونەوەدا گرنگی پێدام، هەروەها بانگهێشتی کردم بۆ ئەوەی ئامادەی یارییەکەی  بکەم بەرامبەر ئەجاکسیۆ لە 13ـی ئایاردا، جێگەی خۆشحاڵی دەبێت جارێکی دیکە دەست لە چیمەنەکە بدەمەوە، ئەگەر بە قاچێکیش بم".
 
سەبارەت بە مەترسییەکانی زیادەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی دەرزی ئازارشکێنەکان، رۆریگێز گوتی "بەداخەوەم بۆ ئەوەی کە ئەوکاتە ئەمە بۆم روون نەکرایەوە، و نەمدەزانی دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی چی دەبن، چونکە تەنیا شتێک کە بیرم لێدەکردەوە هەمیشە یاریکردن بوو".
 
ئەو گوتیشی "یاریزانە پیشەگەر و ئارەزوومەندەکانیش بەهەمانشێوە پێویستە بزانن کە دەرزییە ئازارشکێنەکان ئێسک و کڕکڕاگە دەهاڕن".
 
رۆدریگێز تووشی چەند قەیرانێکی دەروونی بوو، لە ئەنجامدا تووشی خەمۆکی بوو، چارەسەری دەروونیی وەرگرت بۆ ئەوەی ئەو قۆناخە سەختە تێپەڕێنێت.
 
ئەو کۆنە یاریزانە فەرەنسییە، تەمەن 50 ساڵە، دانی بەوەداناوە "هێشتا لەگەڵ پزیشکی دەروونی چاودێری دۆخەکەم دەکەم، بەو پێیەی تووشی چەند ساتەوەختێکی پڕ لە خەمۆکیی تووند بووم، ئەگەر هاوژینەکەم و ئازیزانم نەبوونایە، چاک نەدەبوومەوە". ئەمە لە کاتێکدابوو کە دایکی دوای ماوەیەکی کەم لە نەشتەرگەرییەکەی گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامە فەرەنسییەکە، برۆنۆ رۆدریگێز بە رێژەی 80%ـی کەمئەندامی پۆلێن دەکرێت، لە کاتی یاریکردندا تووشی پێکانێکی زۆر بووە لە پاژنەی پێیدا، ئەویش بەردەوام بە دەرمانی ئازارشکێن چارەسەری کردووە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە.
 
رۆدریگێز، ژیانی پیشەگەرییەکی 14 ساڵ (1993-2005)ـی خایاندووە، لەو ماوەیەدا بۆ زۆر لە یانەکانی فەرەنسا یاریکردووە، دیارترینیان پاریس سانجێرمان، لێنس و ئەجاکسیۆ بووە، هەروەها دوو ئەزموونی لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ رایۆ ڤاییکانۆی ئیسپانی و برادفۆردی ئینگلتەرا هەبووە.
 
لەگەڵ سەرجەم یانەکان، رۆدریگێز 283 یاری ئەنجامداوە و 80 گۆڵی تۆمارکردووە و 6 ئاسیستیشی هەبووە.