ڤیدیۆ؛ ئایینی ئەستێرەکان.. مێسی جووە؟ بۆچی ئایینی ئێمباپێ دیارنییە؟

رووداو دیجیتاڵ

 

زینەدین زیدان و زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و نهێنی ئایینەکەی ئێمباپێ. لەگەڵ ئێمەدا ئایینی ئەستێرەکانی تۆپی پێ بزانە.
 
هاندەران سەیری یاری یاریزانە دڵخوازەکانیان دەکەن، بەڵام لەوانەیە نەزانن کە سەر بە چ ئایینێکن.
 
ئەمە یەکێکە لە جوانییەکانی تۆپی پێ، کە جیاکاری ناکات لەسەر بنەمای رەنگ یان ئایین یان رەگەز، بەڵكو هەمووان لەسە بنەمای گۆڵکردن و تام و چێژی یاری کۆدەکاتەوە.
 
رۆژێک لە رۆژان پرسیارت لە خۆت کردووە، ئەرێ ئایینی لیۆنێل مێسی یان کریستیانۆ رۆناڵدۆ چییە؟ بۆچی کیلیان ئێمباپێ ئایینەکەی دەشارێتەوە؟ ئایا بەڕاستی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ موسڵمانە؟.
 
لەگەڵمان بە با بە ئایینی بەنێوبانگترین ئەستێرەکانت ئاشنا بکەین:
 
لیۆنێل مێسی
 
مێسی کاتێک تەمەنی 11 ساڵ بوو زۆر کاریگەر بوو بە مردنی داپیرەی، بۆیە دوای ئەوە بووە کریستیانێکی کاسۆلیکیی دیندار. ئێستا هەر گۆڵێک بکات دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرزدەکاتەوە و پێشکێشی داپیرەی دەکات.
 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
 
لە شاری مادێرای پۆرتوگالی گەورە بووە، سەرەڕای ئەوەی زۆرجار گوتوویەتی زۆر گرنگی بە ئایین نادات، بەڵام ئەو هێشتا خۆی بە کریستیانێکی کاسۆلیکیی رۆمانی دەزانێت.
 

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ
 
چیرۆکی زڵاتان و ئایین نامۆ و نادیارە، ئەو لە باوکێکی موسڵمانی بۆسنی و دایکێکی کریستیانی کاسۆلیکیی کرواتی بووە، پێشتر باسی ئەوە دەکرا کە موسڵمانە، بەڵام دواتر خۆی رایگەیاند کە ئەو لەسەر ئایینی دایکییەتی و کریستیانێکی کاسۆلیکە. بەڵام ئەو لە کاتی ئامادەبوونی لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی براکەی، پرسیاریان لەبارەی خواوە لێکرد؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "بڕوام بە بوونی خودا نییە".
 

ئێدین هازارد
 
هازارد لە ماڵباتێکی تێکەڵی موسڵمان و کریستیان لەدایکبووە، بەڵام ساڵانێکی زۆرە بووەتە موسڵمان. نەک وەکئەوەی دەگووترێت بەمدواییە هاتبێتە سەر ئایینی ئیسلام.
 

ئێرلینگ هالاند
 
هالاند لە ماڵباتێکی کریستیانی کاسۆلیکە و هەر لە منداڵییەوە ئەو ئایینەی هەڵبژاردووە، بەڵام بەمدواییە لە لێدوانێکدا گوتی "من کەسێکی رۆحیم، نامەوێت رۆڵی کەسێکی دیندار ببینم.
 

پێپ گواردیۆلا
 
یەکێکە لە بەنێوبانگترین راهێنەرانی تۆپی پێ. بە فەیلەسووف ناسراوە، کاتێک لەبارەی ئایینەکەیەوە پرسیاری لێکرا، فەلسەفیانە وەڵامیدایەوە و گوتی "بڕوام بە بوونی خوا هەیە، بەڵام بڕوام بە هیچ ئایینێکی سەر زەوی نییە".
 

زینەدین زیدان
 
موسڵمانێکی سونییە، بەڵام هەمیشە دەڵێت ئەو رێز لە ئیسلام و هەموو ئایینەکانی دیکە دەگرێت، بەڵام ئەو بە هیچ شێوەیەک پابەند نییە بە ئایینی ئیسلامەوە، تەنیا خۆی بە موسڵمان دەزانێت.
 

کیلیان ئێمباپێ
 
ئەو لە باوکێکی کریستیان و دایکێکی موسڵمان بووە، سەرەڕای ئەوەی لە کاتی ئاهەنگگێڕان لەنێو یاریگەدا هیچ ئاماژەیەکی ئایینی دەرناخات، بەڵام لە کاتی قسەکردنی بۆ منداڵانی قوتابخانەیەک، منداڵێک لێیدەپرسێت ئایینەکەت چییە؟ ئەویش بەخێرایی دەڵێت "کریستیان".