لویس ڤان خال تووشی شێرپەنجە بوو


رووداو دیجیتاڵ

لویس ڤان خال، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی هۆڵەندا و پێشتری مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، تووشبوونی خۆی بە شێرپەنجەی پرۆستات راگەیاند.
 
ئەو راهێنەرە تەمەن 70 ساڵە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا و لە میانی رێکلامکردن بۆ فیلمە نوێیەکەی کە بەناوی لویسە، تووشبوونی خۆی بەنەخۆشییەکە راگەیاند.
 
ڤان خال گوتی، ئەگەری ئەوەی بەنەخۆشیی شێرپەنجەی پرۆستات بمریت گەورە نییە، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ توشبوونی زیاتر بە شێرپەنجە.
 
راهێنەرە هۆڵەندییەکە ئاشکرایکردووە، ئەو نەخۆشکەوتنەکەی خۆی لە یاریزانەکانی شاردووەتەوە، دەڵێ پێموایە نەخۆشکەوتن و مردن بەشێکن لە ژیان. من ئێواران دەچوومە لێزەر وەرگرتن لە دژی شێرپەنجە و دواتریش دەچوومە مەشقدانی یاریزانەکانم. ڤان گال روونیدەکاتەوە، نەیویستووە هەواڵی نەخۆشکەوتنەکەی بە یاریزانەکانی بدات، چونکە ترساوە لەوەی کاریگەرییان لەسەر دروست بکات.
 
ڤان خال زیاتر ئاشکرایکردووە، وێڕای تووشبوونی بەشێرپەنجە، بەڵام سوورە لەسەر بەردەوامبوون و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە مۆندیالی 2022ی قەتەردا.