کوڕی پاولۆ ماڵدینی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبووەوە
رووداو - هەولێر
دانیێل ماڵدینی، کوڕی پاولۆ ماڵدینیی ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتالیا، چاکبوونەوەی خۆی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.
بەر لە دوو هەفتە پاولۆ ماڵدینیی ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتالیا، تووشبوونی خۆی و دانیێلی کوڕی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و دواتریش جەندینجار پەیامیان بڵاوکردوەوە و رایانگەیاند کە دۆخی تەندروستییان باشە.
دانیێل ماڵدینی، لە رێگەی ئینیستاگرامەکەیەوە، گوتی "من زۆر باشم، هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنام نەماوە و دەستم بە مەشقەکانم کردووەتەوە".
دانیێل رێچکەی باب و باپیری گرتووە و یاری بۆ یانەی میلان دەکات، کە لە مانگی رابردوودا و بەر لە وەستانی سێریا ئەی، بۆ یەکەمجار بەرامبەر ڤیرۆنا یاریکرد و یارییەکە بە یەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتایی هات.
کوڕی ماڵدینی سەبارەت بە میلان، گوتی "درێسی میلان لە سیزاری باپیرم و پاولۆی باوکمەوە بۆم ماوەتەوە، ئەوە بەرپرسیارییەتییەکی گەورە و گرنگە، بەڵام من لە منداڵییەوە فێربوومە بەرگەی ئەو گوشارانە بگرم".
دانیێل کە دووپاتیکردەوە رۆناڵدینیۆی بەرازیلی نموونەی بەرزی ئەوە لە جیهانی تۆپی پێدا، گوتیشی "زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ زۆر رێنمایی کردووم، لەنێو یاریگە و لە دەرەوەیدا".