یاریزانێکی ڤالێنسیا رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێتەوە لەلایەن بەشێکی هاندەرانی ریال مەدریدەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
یاریزانێکی یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی لەلایەن بەشێکی هاندەرانی ریال مەدریدەوە رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی و قسەی نەشیاو دەبێتەوە و یانەکەشی راگەیێنراوێک لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە. 
 
لە گەڕی 27ـی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید رووی لە یاریگەی مێستایا کرد و بووە میوانی ڤالێنسیا، یارییەکە چەندین رووداوی مشتومڕ هەڵگری لەخۆگرت و بەپێی هەواڵەکان ڤینیسیۆس جونیۆری هێرشبەری ریال مەدرید رووبەڕووی رەگەزپەرستی بووەتەوە و لالیگاش لێکۆڵینەوەی لەوبارەیەوە دەستپێکردەوە.
 
لە خولەکی 73ـی یارییەکەدا، پیتەر فێدێریکۆی تەمەن 21 ساڵ، کە لە ئەکادیمیای ریال مەدرید بووە و ئێستا بە خواستن لە ڤالێنسیایە، دێتە نێو یاریگا و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە یاری دەکات. دواتر لە یەکێک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە فێدێریکۆ دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و داوا لە هاندەرانی نێو یاریگا دەکات زیاتر هانیان بدەن. 

 

 
ئەو کارەی یاریزانەکە تووڕەیی بەشێکی هاندەرانی ریال مەدرید لێکەوتەوە و لە بەشی کۆمێنتی یەکێک لە پۆستەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، چەندین قسەی رەگەزپەرستانە، گاڵتەکردن بە ستایلی قژ و قسەی نەشیاوی دیکەی بەرامبەر کرا، ئەوەش وای لە فێدێریکۆ کرد کۆمێنتی پۆستەکانی رابگرێت بۆ ئەوەی قسەی ناشرینی بەرامبەر نەکرێت. 
 
راگەیێنراوی یانەی ڤالێنسیا
 
ڤالێنسیا لەوبارەیەوە دێتە دەنگ و لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ڤالێنسیا پابەندبوونی خۆی بە بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی بە هەموو شێوەیەک دووپات دەکاتەوە. هەندێک قسە کە بەرامبەر پیتەر فێدێریکۆی یاریزانمان کراوە، بەتەواوی رێگەپێنەدراوە."