ڤیدیۆ راپۆرت؛ هەموو شتێک لەبارەی ریمۆنتادا مێژووییەکەی بارسێلۆنا


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا سیناریۆی وەرزی 2019-2018ـی بەرامبەر یانەی سێڤییا دووبارەکردەوە و بە ریمۆنتادایەکی مێژوویی گەیشتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.

لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی کامپ نو بەرامبەر سێڤییا یارییکرد، بارسێلۆنا بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی پێویستیی بەبردنەوەی یارییەکە هەبوو بەجیاوازیی سێ گۆڵ و هەر ئەوەشی کرد و خۆی گەیاندە قۆناخی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، لەکاتێکدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یاریی چوونی دۆڕاندبوو.

بەهۆی ئەو ئەنجامەی لە یاریی چووندا تووشی بوو، بارسێلۆنا بە پێکهاتەیەکی جیاواز لە جاران دەرکەوت، کە دووەمجارە بەو پێکهاتەیە یاریی بکات، کە پێکهاتەکە 4-1-3-2 بوو و رۆژی شەممەش بەهەمان پێکهاتە، لە رکابەرییەکانی لالیگادا لە یانەی سێڤییای بردەوە.

بارسێلۆنا هەر زوو گوشارەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی دەستپێکرد، لە خولەکی 12 عوسمان دێمبێلی گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی لە دەرەوەی ناوچەی سزا بۆ یانەکەی تۆمارکرد، کە ئەمە گۆڵی ژمارە چواری ئەو یاریزانەبوو لە دژی سێڤییا و بەرامبەر هیچ یانەیەکی دیکە ئەو ژمارەیەی گۆڵی نییە.

تۆمارکردنی ئەو گۆڵە لە کاتێکی زوودا، هاوکارییەکی زۆری بارسێلۆنای کرد، لە رووی دەروونییە یانەکەی زیاتر بۆ بردنەوە هاندا، بەڵام گێمی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ تۆمارکردنی گۆڵ بەردەوامبوون و لە یاریگەدا باڵادەستبوو، بەڵام لێدانێکی سزا بۆ سێڤییا هەژمارکرا کە دەکرا ئەو لێدانە ببێتە هۆکاری ماڵئاواییکردنی بارسا لە جامی شا، بەڵام لوکاس ئۆکامپۆس کە لە پێکان گەڕابووە، لێدانەکەی لەدەستدا و تێر شتیگن ئازایانە لێدانەکەی گەڕاندەوە و هیوای بارسێلۆنای بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی بە زیندوویی هێشتەوە.

پێشکۆتاییهاتنی یارییەکە بە تەنیا خولەکێک، جیرارد پیکێ بەلێدانی سەر گۆڵی دووەمی یارییەکەی تۆمارکرد و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سفر و هەردوولا پەنایان بردە بەر کاتی زیادکراو، بۆ ئەوەی براوەیان یەکلاییبکرێتەوە.

دوای 5 خولەک لە دەستپێکردنی 30 خولەکی زیادکراوی مارتن برایتوەیت گۆڵی سێیەمی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد، دوای ئەوە لە خولەکی 103 فێرناندۆ لە یانەی سێڤییا کرایە دەرەوە، ئەمەش بووە هاوکارێکی بەهێزی بارسێلۆنا بۆ ئەوەی بە ئارامییەکی زۆرەوە یارییەکە تەواوبکات و خۆی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.

بارسێلۆنا لە دوایین 10 وەرزی رابردوودا ئەمە جاری نۆیەمە دەگاتە یاریی کۆتایی، تەنیا لە 2013 نەیتوانیووە بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و خاوەنی زۆرترین نازناویشە بە بردنەوەی 30 نازناو.

وەرزی 2019-2018 لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی هەمان پاڵەوانێتی، یانەی سێڤییا لە یاریی چووندا 2-0 لە بارسێلۆنای بردەوە، بەڵام لە یاریی گەڕانەوەدا یانە کەتەلۆنییەکە بە 6-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سێڤییای کردە دەرەوە.

دوای یارییەکە رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا گوتی " ئێمە بە شایستەیی گەیشتینە یاریی کۆتایی، ئەو لێدانە سزایەی تێر شتیگن گەڕاندییەوە بۆ یارییەکە یەکلاییکەرەوە بوو، چونکە ئەگەر لێدانەکە گۆڵ بووایە، تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە رکابەرێکی وەک یانەی سێڤییا بۆ ئێمە قورس دەبوو".

راهێنەری بارسێلۆنا زیاتر گوتی " ئەم بردنەوەیە لە رووی دەروونییە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، پێویستیمان بەوەیە زۆر کاتی لەم شێوەیە بەڕێبکەین، بۆ ئەوەی متمانەی خۆمان بگەڕێنینەوە، یانەکە لە رووی هزری و نەفسییەوە لە بارودۆخێکی زۆرباشدابوو، من زۆر لە تیپەکە رازیبووم و لە دوو یاریی رابردوو یارییەکی زۆرباشمان کردووە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی هاوشێوەی ئەم یارییە دەتوانن بەرامبەر پاریس سانجێرمان ریمۆنتادا بکەن؟ کۆمان گوتی" دۆڕان بە 2-0 لەگەڵ 4-1 دوو شتی جیاوازن، بەڵام کاتێک هیوایەک بۆ ئەنجامدانی ریمۆنتادا هەبێت پێویستە پارێزگاریی لێبکەین".

لەلایەن خۆیەوە جولین لۆپیتیگێ، راهێنەری یانەی سێڤییا دڵتەنگیی خۆی بەرامبەر ماڵئاواییکردنی یانەکەی پێشاندا و گوتی " شەوێکی زۆر ناخۆشە، زۆر دڵتەنگ و نیگەرانین، بەڵام ناتوانم لۆمەی یاریزانەکانم بکەم، چونکە ئەوان تاوەکو کۆتایی تیکۆشین، بۆ ئەوان و هاندەرانیش کۆتاییەکی سەیربوو، چونکە ئێمە دەمانەویست بگەینە یاریی کۆتایی".

راهێنەری یانەی سێڤییا زیاتر گوتی" لە یارییەکەدا ئۆسکار مینگوێزای یاریزانی یانەی بارسێلۆنا شایستەی کارتی سوور بوو، چونکە رێگەی لە تۆمارکردنی گۆڵێکی ئێمە گرت، جگە لەوەش دەبووایە لێدانێکی سزامان لە دژی لینگلێت بۆ هەژمارکرابا".

ئاندرێ تێر شتیگن، گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا، کە رۆڵێکی گەورەی لە یارییەکەدا گێڕا و بەباشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا، دوای ئەم بردنەوەیە مێژووییە گوتی " بارودۆخەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران جیاوازە، بەڵام یاریزانە هاوڕێکانم لەنێو پەیژەکانەوە ئێمەیان هاندەدا، ئەمە ورەیەکی زیاتری پێداین و شایستەی بردنەوە بووین"

شتیگن لەبارەی گەڕاندنەوەی لێدانە سزایەکەی ئۆکامپۆس گوتی " هەستەکانم پێیانگوتم کە ئۆکامپۆس تۆپەکە بەو ئاراستەیە هەڵدەدات، بۆیەم بڕیارمدا بچمە لای چەپ و سەرکەوتووبووم لە گەڕاندنەوەی، ئێمە دەمانەوێت جام ببەینەوە و پاشان بزانین چی روودەدات".

مارتن برایتوەیت، هێرشبەری دانیمارکی کە گۆڵی بردنەوەی بارسێلۆنای لە یارییەکەدا تۆمارکرد دەڵێت " بەلای هێرشبەرەوە تۆمارکردنی هەر گۆڵێک گرنگە، بۆ منیش ئەم گۆڵە زۆر گرنگ بوو، ئێمە پێویستیمان بەبردنەوەی یارییەکە هەبوو بۆ ئەوەی بگەینە یاریی کۆتایی و لە یارییەکەدا باشتر دەرکەوتین".

برایتوەیت و شتیگن دوای یارییەکە پێکەوە قسەیانکرد، برایتوەیت گوتی " ئەستێرەی یارییەکە مارک ئاندرێ تێر شتیگن بوو، ئەو رۆحیەتی بردنەوەی لە یانەکەدا زیاتر کرد و وایکرد تاوەکو کۆتایی تێبکۆشین، ئەو باشترین گۆڵپارێزی مێژووە و ئەمڕۆ ئەوەی سەلماند، لە وەڵامدا تێر شتیگن بە برایتوەیتی گوت " نا من هۆکاری بردنەوەی یارییەکە نەبووم، تۆ هۆکاری بردنەوە بوویت".

دوای یارییەکە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا رایانگەیاند، هەریەکە لە جیرارد پیکێ و عوسمان دێمبێلی تووشی پێکانبوون، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە پشکنینیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی جۆری پێکان و ماوەی دوورکەوتنەوەیان لە یاریگەکان ئاشکراببێت.

لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی ئاتلێتیک بیلباو و لیڤانتی یارییدەکات، کە ئەمشەو کاژێر 23:00 لە یاریگەی لیڤانتی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یاریی چوونی نێوان ئەم دوو یانەیە بەیەکسانبوون بە 1-1 کۆتاییهاتووە.