ئارسن ڤینگەر: لە یاریی داهاتوودا سوپرایزمان دەبێت


رووداو - هەولێر

ئارسن ڤینگەری راهێنەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دووپاتیكردەوە یانەكەی بە هێزێكی زۆرەوە دەگەڕێتەوە ناو ركابەرییەكان لەسەر نازناوەكانی وەرزی ئەمساڵ.

راهێنەرە فەرەنسییەكە ئاشكرایكرد، دۆڕانی هەفتەی رابردووی یانەكەی لە خولی پرێمەرلیگ بەرامبەر یانەی ستۆك ستی، ئازارێكی زۆری بە تیپەكەی گەیاندووە و دۆخی ئەوانی لە ركابەریكردن لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولەكە خستووەتە بارێكی نەخوازراوەوە، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی دەستبەرداربوونیان لە ركابەری لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵ.

ڤینگەر دووپاتیكردەوە ئەو دۆڕانە گوڕوتین بە یاریزانەكانی دەبەخشێت بۆ ئەوەی لەسەر ركابەریكردن تا دواهەنگاو بەردەوام بن.

راهێنەری ئارسیناڵ دووپاتیكردەوە، بۆ یاریی داهاتوو یانەكەی لە رووی ئەنجامەوە سوپرایزی گەورەی پێدەبێت و ئەنجامەكە دەریدەخات، پەرچەكرداری تیپەكەی چی دەبێت.