رووداو دیجیتاڵ
بە ناونیشانی ئێمە "ئەلهۆیێن چیاینە" و حەزمان لە شوێنی بەرزە، یانەی دهۆک دەیەوێت مێژووییەکی نوێ لە تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا تۆماربکات.
دهۆک ئەمڕۆ ئێوارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەرامبەر یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی یاری دەکات، لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو.
دهۆکییەکان لە دوایین 11 یاریی رابردوودا تەنیا یەک یارییان لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دۆڕاندووە و بە ورەیەکی بەرز و متمانەبەخۆبوونێکی زۆرەوە چوونەتە قەتەر، بۆ ئەوەی بە دەستکەوتی گەورەوە بگەڕێنەوە.
مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەیان بۆ رووداوی گوت "شتێکی زۆر خۆشە و دەمانەوێت ئێمە ببینە تاکە یانەی عێراق بگەینە قۆناخی داهاتوو و پێویستە پێتخۆشبێت کە یاریی لەمشێوەیە بکەیت، نابێت بیانووی ئەوە بهێنیتەوە کە ئەم یاریزانە یاری ناکات و ئەویان یاریی ناکات، ئێمە هەلی گەیشتنمان بە قۆناخی داهاتوو هەیە و ئەو کارە دەکەین."
یانەی دهۆک لە گەڕی یەکەمی ئەم پاڵەوانێتییەدا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر ئەهلی سەنعا یارییکرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
ئێستا زەردپۆشەکانی کوردستان، نوێنەری هەموو عێراقە، لە کۆمەڵەی یەکەمدا خاوەنی 5 خاڵە و بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ تیپەکە هەنگاوی گەورە لە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو نزیکدەبێتەوە.
گەیشتنی دهۆک بە قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو، بۆ تۆپی پێی کوردستان و عێراق دەستکەوتێکی گەورە و نوێ دەبێت و پێشتر هیچ یانەیەک لە مێژووی عێراقدا ئەو کارەی نەکردووە.
یانەی دهۆک لە جامی کەنداودا، تاوەکو ئێستا 4 یاریی ئەنجامداوە، بردنەوەیەک، دوو یەکسانبوون و دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی یەکەمە بە کۆکردنەوەی 5 خاڵ و بەبردنەوەی ئەم یارییە، بە ئەگەری زۆرەوە یانەکە دەگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆی دهۆک بەرامبەر یانەی ئەهلی سەنعا، کارگێڕیی یانەکە بڕیارییداوە لە شوێنی ڤی ئای پی یاریگەکەیان پێشوازی لە هاندەرانیان دەکەن و شاشەیەکی گەورە بۆ بینینی یارییەکە دادەنرێت و ئەو هاندەرانەی بۆ بینینی یارییەکە دەچنە یاریگە، خواردن، خواردنەوە و دیاریی جیاوازیان پێشکێشدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ