مێسی دوای بردنەوەی مۆندیال چی بە ئێمباپێ گوتووە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جیاوازەوە قسەدەکات و ستایشی ئاستی سعودیە دەکات و ئاشکرای دەکات چی بە ئێمباپێ گوتووە؟
 
مێسی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022، دەستکەوتێکی مێژوویی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بەدەستهێنا و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، دوای ئەوەی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە 4-2 سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا بەدەستهێنا.
 
لیۆ باس لە خراپترین یارییان دەکات
 
مێسی لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ رۆژنامەی ئۆلێی ئەرجەنتینی کردووە، لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە کە یەکەم یارییان بوو لە مۆندیالی 2022 و یارییەکەیان دۆڕاند، گوتی " دوای دۆڕانەکەمان بەرامبەر سعودیە ترسام و زۆر شۆکبووم، یارییەکە بەو شێوەیە نەڕۆیشت کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد، بەڵام هەموو هێز و توانای تیپەکەمان دوای ئەو یارییە دەرکەوت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مەکسیکمان بردەوە، دەبێت ئەو راستییە بڵێم کە یارییەکەمان بەرامبەر سعودیە یەکێک بوو لە خراپترین یارییەکانمان."
 
لیۆ باس لە بردنەوەی نازناوی مۆندیال دەکات و دەڵێت " دەمزانی و دڵنیابووم لەوەی خوا مۆندیالم پێدەبەخشێت، نازانم بۆچی، بەڵام زۆر هەستم بەوە دەکرد و خوا باشترین کاتەکانمی بۆ هەڵبژاردم بۆ ئەوەی بگەم بە خەونەکەم."
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە زیاتر گوتی " بردنەوەی نازناوی جامی جیهان شتێکی ناوازەیە و بەدرێژایی کاروانی یارییکردنم هەوڵی بەدەستهێنانیم داوە و ئێستا دەتوانم بڵێم من پاڵەوانی جیهانم."
 
مێسی لەو هەڤپەیڤینەدا زیاتر گوتی " بەدەستهێنانی هەموو ئەوەی بەدەستمهێناوە ئاسان نەبوو، بەڵام بەدەستهاتووە، ئەمە شتێکی شێتانەیە و بردنەوەی ئاسان نەبوو."
 
لیۆنێل مێسی بەشداری لە مۆندیالی 2026 دەکات؟
 
لەبارەی وادەی وازهێنانی و ئەگەری یارییکردنی لە مۆندیالی داهاتوودا کە لە ساڵی 2026 بەڕێوەدەچێت، لیۆنێل مێسی گوتی " ماوەیەکی زیاتر لە یارییکردن بەردەوامدەبم و پێویستە لەسەرمان چێژ لە بردنەوەی مۆندیال وەربگرین، بەڵام نازانم تاوەکو مۆندیالی 2026 بارودۆخەکەم چۆن دەبێت، چونکە بەهۆی بەرزبوونەوەی تەمەنەوە قورسە، من تۆپی پێم خۆشدەوێت و من ئەو کارەم خۆشدەوێت کە ئەنجامی دەدەم و تاوەکو لە رووی جەستەییەوە باشبم دەمەوێت بەردەوامبم و چێژ وەربگرم، بەڵام زەحمەتە."
 
مێسی دووپاتیکردەوە کە بارودۆخەکە پەیوەندیی بە کات و تەمەنەوە هەیە، لە راستیدا زەحمەتە، بەڵام ئەمە بەندە بەوەوە کە کارەکە چۆن دەڕوات بەڕێوە، بەم نزیکانە تەمەنم دەبێتە 36 ساڵ، دەبینم پیشەکەم بەرەو کوێ دەڕوات و چی دەکەم، بەڵام ئەمە بەندە بە زۆر شتەوە."
 
پەیوەندیی لەگەڵ پاریس سانجێرمان و ئێمباپێ
 
لەبارەی پێشوازیکردنی لەلایەن یانەی پاریس سانجێرمانەوە و دانانی رێڕەوی رێزلێنان بۆی، دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیال لیۆنێل مێسی گوتی " لە راستیدا من ئەم شتانەم خۆشناوێت، هەرچەند کە بەروونی قەدری خۆم زانی و کارێکی زۆر خۆشبوو کە ئەنجامدرا، لەگەڵ ئەوەی کە شەرم دەکەم و نامەوێت بەو شێوەیە دەربکەوم، بەڵام زۆر جوانبوو ئەو هەموو رێزگرتنەی لە پاریس بینیم."
 
مێسی باس لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ دەکات و دەڵێت " لەبارەی یاریی کۆتایی و ئاهەنگەکان قسەم لەگەڵی کردووە، چۆن لە ئەرجەنتین دەژیام و رۆژەکانی پشووم چۆن بەسەربرد کاتێک ئاهەنگمان دەگێڕا، لەوە زیاتر هیچ شتێکی دیکە نییە و هیچ ناکۆکییەکمان نییە."
 
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا مێسی لەبارەی ئامانجی داهاتووی دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالەوە بە پێکەنینەوە گوتی " هیچ شتێک لەمە زیاتر نییە کە بەدەستمهێناوە."